هەرێم نیوز
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، بڕیارێکی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراقی بە فەرمی هەڵوەشاندەوە، کە تایبەت بوو بە سەپاندنی بڕە پارەیەک بە ڕێژەی ٢٠٪ لەژێر ناوی "کرێی خزمەتگوزاری" بەسەر کۆمپانیاکانی پەیوەندی و مۆبایلدا.
هەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارە دوای پێداچوونەوەی یاسایی هات بەو تانەیەی کە لەلایەن بەڕێوەبەری ڕێپێدراوی لقی کۆمپانیای "ئەسیر" (زەین) بۆ گەیاندنی عێراقی سنووردار پێشکەش بە دادگا کرابوو.
دادوەر ئەیاد موحسین زەمەد، سەرۆکی ئەنجوومەنی تانەدان لە بڕیارەکانی دەستەی ڕاگەیاندن ڕوونی کردەوە: "ئەو بڕە پارەیەی کە بە ڕێژەی ٢٠٪ خرابووە سەر کارتی پڕکردنەوەی باڵانس و ئەپڵیکەیشنە ئەلیکترۆنییەکان، لە ڕاستیدا (باجی فرۆشتنە) نەک (کرێی خزمەتگوزاری)، بۆیە ناوگۆڕینی ناڕەوای بۆ کراوە."
سەرۆکی ئەنجوومەنی تانەدان ئاشکرایشی کرد کە سەپاندنی هەر جۆرە باج و ڕسووماتێک، بەپێی ماددەی (٢٨/یەکەم) لە دەستووری عێراق، تەنها لە دەسەڵاتی تایبەتی دەسەڵاتی یاساداناندایە (پەرلەمان) و ڕێگری دەکات لە سەپاندنی هەر باجێک مەگەر بە یاسا بێت.
دادوەر ئەیاد موحسین ئاماژەی بەوەش دا، دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن لە بڕیارەکەیدا پشتی بە ڕێنماییەکی ئەنجوومەنی وەزیران بەستبوو کە لە ماوەی کاربەڕیکردنی حکومەتدا دەرچووبوو، لە کاتێکدا حکومەتی کاربەڕێکەر بەپێی یاسا هیچ دەسەڵاتێکی نییە بۆ دەرکردنی بڕیارگەلێک کە بارگرانی دارایی نوێ بخاتە سەر شانی هاووڵاتییان.
لە کۆتاییدا دادگاکە دووپاتی کردەوە کە بڕیارە تانەلێدراوەکە هیچ بنەمایەکی یاسایی نەبووە، بۆیە بە شێوەیەکی کۆتایی و بە کۆدەنگی، بەپێی بڕگەکانی بەشی (٦/ ٨) لە فەرمانی ژمارە (٦٥)ی ساڵی ٢٠٠٤، بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و پووچەڵکردنەوەی تەواوی شوێنەوارە یاساییەکانی درا.