هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، کە مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی شارەزوور توانیویانە تۆمەتبارێک دەستگیر بکەن کە بڕێکی زۆر گەنمی هاووڵاتییەکی دزیبوو، هاوکات دەستیش بەسەر تەواوی گەنمە دزراوەکە و ئەو ئۆتۆمبێلەدا گیراوە کە تاوانەکەی پێ ئەنجامدرابوو.
ڕاگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاشکرای کرد، کە پڕۆسەی دەستگیرکردنی ئەم تۆمەتبارە دوای ئەوە دێت کە هاووڵاتییەک بە فەرمی سکاڵای یاسایی تۆمار کرد کە بڕێکی زۆر لە بەرهەمی گەنمەکەی لێدزراوە. دەستبەجێ لە لایەن هێزەکانی پۆلیسەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە ڕێکخرا و بڕیاری دادوەر وەرگیرا.
پاش لێکۆڵینەوەی ورد و بەدواداچوونی چڕ، سەرەنجام مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی شارەزوور، کە سەر بە بەشی پۆلیسی شارەزووری بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانییە، توانییان شوێنی تۆمەتبارەکە بدۆزنەوە و دەستگیری بکەن. تۆمەتبارەکە ناوی کورتکراوەی (ک، ک، ح)ـە و لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٦ـە، لە ئێستادا بەپێی بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی (٤٤٦) لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوەی یاسایی لەگەڵیدا بەردەوامە.
پۆلیسی سلێمانی سەرنجی هاووڵاتیان بۆ ئەوە ڕادەکێشێت، کە لە ئێستادا کە وەرزی دروێنەی گەنمە لە زۆربەی قەزا، ناحیە و گوندەکانی هەرێمی کوردستان، جووتیاران لە نزیک زەوییە کشتوکاڵییەکانیان خەرمان دادەنێن.
لەم چوارچێوەیەدا، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی داوا لە سەرجەم هاووڵاتیان و جووتیاران دەکات کە بە تەواوی ئاگاداری بەرهەمەکان و ماندووبوونی خۆیان بن، و لە کاتی بەدیکردنی هەر جۆرە جووڵەیەکی گوماناوی یان هەر حاڵەتێکی نەخوازراو، دەستبەجێ پەیوەندی بە نزیکترین بنکەی پۆلیس یان هێڵە گەرمەکانی هێزە ئەمنییەکانەوە بکەن تاوەکو ڕێگری لە هەر جۆرە سەرپێچی و تاوانێک بکرێت.