هەرێم نیوز
سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ چاکسازییەکانی حکوومەتی عێراق لە بواری دژایەتیکردنی گەندەڵی و کۆنترۆڵکردنی چەک دووپات کردەوە و جەختی لە گرنگیی پاراستنی سەروەریی یاسا کردەوە.
شەممە، 4ـی تەممووزی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتەکە، پشتگیریی خۆی بۆ هەوڵەکانی حکوومەت لە کۆنترۆڵکردنی چەک دووپات کردەوە و ستایشی هەموو ئەو هەوڵانەشی کرد کە یارمەتیدەر بوون لە بەدیهێنانی ئەم ئامانجەدا.
جەختی لەوەش کردەوە، "کۆنترۆڵکردنی چەکی گرووپەکان راستییەکی دەستووری و یاسایی چەسپاوە و سازشی لەسەر ناکرێت".
هاوكات پشتگیریی خۆی بۆ رێڕەوی چاکسازیی حکوومەت لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی سامانی گشتی دووپات کردەوە و جەختی لە گرنگیی چڕبوونەوە لەسەر "دۆسیە گەورەکان و نەخلیسکان بەرەو پرسە لاوەکییەکان کە وزە و کات بەفیڕۆ دەدەن و دەرفەت دەدەنە گەندەڵکارە گەورەکان بۆ دەربازبوون لە لێپرسینەوە" کردەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، 28ـی حوزەیرانی 2026، یەکشەممە هەڵمەتێکی فراوان بۆ دەستگیرکردنی بەرپرسانی تێوەگلاو لە گەندەڵی لە عێراق دەستیپێکرد و کاردانەوەی زۆری لەسەر ئاستی سیاسی و جەماوەری لێ کەوتووە.