دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

حکوومەتی هەرێمی کوردستان 33 گەنجی دیکەی لە لیبیاوە گەڕاندەوە

هەرێم نیوز

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ٣٣ گەنجی دیکەی دەڤەری ڕاپەڕینی کە لە وڵاتی لیبیا بێسەروشوێن ببوون گەڕاندەوە، هاوکات ئاشکرای دەکات کە ئامادەکاری بۆ گەڕاندنەوەی ١٣ کۆچبەری دیکەش دەکرێت کە هێشتا لەو وڵاتەدا ماون. 

دوای ئەوەی هەواڵی بێسەروشوێنبوونی ٣٣ گەنجی دەڤەری ڕاپەڕین بڵاوبووەوە، ڕاستەوخۆ لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ڕاسپێردران کە ڕێکاری خێرا بۆ دۆزینەوە و گەڕاندنەوەیان بگرنە بەر.

دوای زیاتر لە ١٠ ڕۆژ کارکردن و بەدواداچوون، ئەمڕۆ دووشەممە، 7ـی 9ـی 2026، هەر ٣٣ کۆچبەرەکە بە سەلامەتی گەیەندرانەوە خاکی هەرێمی کوردستان، کە سەلیم پاشا، ڕاوێژکار لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە یاوەریی دەکردن.

لە فڕۆکەخانەش لەلایەن سروە ڕەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان و تیمێکی یاوەرییەوە پێشوازییان لێ کرا.

وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکاریی تەواوی بۆ پێشوازیکردن لەو گەنجانە کردبوو. دوای ئەوەی لەلایەن تیمە تەندروستییەکانی فڕۆکەخانەوە پشکنین و چارەسەری پزیشکییان بۆ کرا، لەلایەن تیمەکانی وەزارەتی ناوخۆوە بە سەلامەتی ڕادەستی خێزانەکانیان کرانەوە.

لە ئێستاشدا هەوڵەکان بەردەوامن و ئامادەکاری بۆ گەڕاندنەوەی ١٣ کۆچبەری دیکە دەکرێت کە هێشتا لە وڵاتی لیبیا ماون.

لای خۆیەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە بەهۆی ئەو هەنگاوە گرنگانەی لە ماوەی ڕابردوودا بۆ کەمکردنەوەی کۆچی نایاسایی گرتوویەتییە بەر، ڕێژەی کۆچکردن لە چەند مانگی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و هەوڵەکانیشیان لەو پێناوەدا بەردەوام دەبن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP