هەرێم نیوز
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپدا جەخت دەکاتەوە کە وڵاتەکەی هەمیشە دژی شەڕ بووە، بەڵام بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلەکەی وەڵامی هەر دەستدرێژییەک بەوپەڕی هێزەوە دەداتەوە تاوەکو لایەنی بەرامبەر پەشیمان دەبێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە هەژماری تایبەتی خۆی لە پلاتفۆڕمی ئێکس، وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دایەوە و جەختی لەوە کردەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە دژی شەڕ بووە.
پزیشکیان ڕایگەیاند، پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەل و ئاسایشی ناوچەکە لە خۆبەدوورگرتن لە پەرەپێدانی ململانێکاندا دەبینێتەوە. سەرۆککۆماری ئێران ڕوونیشیکردەوە، وڵاتەکەی هاوشێوەی ئەو هەڵوێستە بوێرانەی تا ئەمڕۆ لە بەرامبەر دەستدرێژییەکاندا نواندوویەتی، بەهەمان شێوە و بەوپەڕی هێزەوە ئەو بەرگرییە درێژە پێ دەدات تا دەستدرێژیکاران پەشیمان دەبنەوە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، پزیشکیان دووپاتیکردەوە کە ئێران بەردەوام دەبێت لە پارێزگاریکردن لە مافەکانی گەلی وڵاتەکە و سەرجەم پێگەکانی خۆی بە پارێزراوی دەهێڵێتەوە.
هاوکات ئەمڕۆ سێشەممە، ئێران هەڕەشەی جەنگێکی ئابووریی لە ئەمریکا کرد و بانگەشەی ئەوەی کرد کە مووشەکێکی پێشکەوتووی ئاراستەی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا کردووە.
ئەم هەنگاوەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری زیاتری پەرەسەندنی ململانێکان دەبینرێت، کە تەنیا چەند ڕۆژێک دێت پاش ئەوەی هەردوو لا جارێکی دیکە هێرشیان کردەوە سەر یەکتر.
ئەم جەنگەی نێوان هەردوو وڵات ماوەی شەش مانگە بەردەوامە؛ ماوەیەک ئارام دەبێتەوە و پاشان بە توندی هێرش دەکەنە سەر یەکتر.
ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، هێزەکانی ئەمریکا هێرشیان کردە سەر ئامانجەکانی ئێران و سێ کەشتیی نەوتی ئێرانیان کردە ئامانج. لە بەرامبەریشدا، میدیا فەرمییەکانی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ڕایانگەیاند کە لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر چەند کەشتییەکی ئەمریکی، مووشەکی جۆری "قاسم بەسیر"یان بەکارهێناوە.
لە چوارچێوەی ئەم گرژییانەدا، ئێران بەڵێنیداوە لە ڕۆژانی داهاتوودا ناوچەیەکی نوێی قەدەغەکراو ڕابگەیەنێت، لەگەڵ کێشانی نەخشەی ڕێڕەوێکی ئاویی نوێ لە گەرووی هورمزدا، بەڵام تا ئێستا کاتی ئاشکراکردنی وردەکارییەکان ڕوون نییە.
لە بەرامبەر ئەم پێشهاتانەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی: "کاتێک لە جەنگی دژی ئێران سەردەکەوین، نرخی نەوت و هەموو شتەکانی دیکە دادەبەزێت. نرخی هەر گالۆنێک بەنزین دەبێتە 3 دۆلار و لە کۆتاییدا دۆخەکە بە قازانجی ئێمە ئاسایی دەبێتەوە."