هەرێم نیوز
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بۆ ساڵی نوێی خوێندن، سیستەمی خوێندنی پارالێل و ئێواران لە پەیمانگە حکومییە پێنج ساڵییەکان بکاتەوە، کە ئەمەش هەنگاوێکی نوێیە و دەرفەتێکی گرنگ بە دەرچووانی پۆلی نۆی بنەڕەتی دەبەخشێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی فەرمانێکی وەزاری کە بە واژۆی ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەرچووە و پاڵپشت بە نووسراوی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاری دەستپێکردن و کردنەوەی پرۆسەی خوێندنی پارالێل و خوێندنی ئێواران لە سەرجەم پەیمانگەکانی وەزارەتی پەروەردە بۆ ساڵی خوێندنی (2026 - 2027) درا.
ئەم بڕیارە دەرفەتێکی نوێ و گرنگە بۆ دەرچووانی پۆلی نۆی بنەڕەتی تا بتوانن لە بوارە جیاوازەکاندا درێژە بە خوێندن بدەن.
ماوەی خوێندن لەم پەیمانگایانە پێنج ساڵە و لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان نزیکەی 33 پەیمانگای حکومیی سەر بە وەزارەتی پەروەردە لە بوارەکانی (وەرزش، هونەرە جوانەکان و کۆمپیوتەر) لەخۆ دەگرێت، هاوکات سێ پەیمانگای پیشەییش لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و کفری هەن کە پرۆگرامی خوێندنیان بە زمانی ئینگلیزییە.
بڕیارە لە قۆناغی داهاتوودا هەردوو وەزارەتی دارایی و پەروەردە ڕێنمایی دارایی و کارگێڕیی پێویست دەربکەن و بە فەرمی کرێی خوێندنەکە ڕابگەیەنن.
پێشبینی دەکرێت کرێی خوێندنی ئێواران و پارالێل لەم پەیمانگە حکومییانەدا زۆر کەمتر بێت لە پەیمانگە پێنج ساڵییە ئەهلییەکان، بە جۆرێک تێچووی هەر ساڵێکی خوێندن لە خوار یەک ملیۆن دینارەوە بێت، بۆ ئەوەی بارگرانیی دارایی لەسەر شانی خێزانەکان دروست نەکات.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوەدا، داوا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەکرێت بە میکانیزمێکی ئاسانتر لە زانکۆ حکومییەکاندا دەرچووانی ئەم پەیمانگە پێنج ساڵییانە وەربگرێتەوە، بۆ ئەوەی ئەو خوێندکارانەی ئارەزوو دەکەن، ڕێگای بەردەوامییان بۆ فەراهەم بکرێت بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس.
جێی باسە، لە ئێستادا تەنیا یەکەم، دووەم و سێیەمی ئەو پەیمانگایانە دوای تەواوکردنی خوێندنەکەیان دەتوانن لە زانکۆ حکومییەکان لە بواری پسپۆڕییەکەی خۆیاندا درێژە بە خوێندن بدەن.