هەرێم نیوز
سایتی "ئەلمۆنیتۆر"ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا بڵاوی کردووەتەوە، تاوەکو ئەو کاتەی حوسییەکان ڕاستەوخۆ هێرش نەکەنە سەر کەشتییە ئەمریکییەکان، واشنتۆن ئامادە نییە چەک و هێزی سەربازی لە یەمەن بەکاربهێنێت.
پێشڕەویی حوسییەکان و کۆنتڕۆڵکردنی بابولمەندەب
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، چەکدارانی حوسی توانیویانە کۆنتڕۆڵی ناوچە بەرز و ستراتیژییەکانی گەرووی بابولمەندەب بکەن، بەتایبەت لە ڕێگەی دەستبەسەرداگرتنی شاری مەخا و دوورگەی پریم (کە پێشتر لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی حکوومەتی یەمەن و پاڵپشتیکراو لەلایەن سعودییەوە بوون).
ئەم پێشڕەوییە باڵادەستییەکی جوگرافیای ڕەهای بە حوسییەکان داوە کە دەتوانن بە ئاسانی مووشەکە دوورهاوێژەکانیان ئاراستەی ڕێڕەوە ئاوییەکە بکەن.
دەستبەسەرداگرتنی ئەم ناوچانە ئەو مەترسییەی دروستکردووە کە حوسییەکان بەربەست لە بەردەم دەریای سووردا دروست بکەن. ئەمەش گوشاری ئابووری و سەربازی لەسەر هەناردەکردنی نەوتی وڵاتانی کەنداو زیاتر دەکات کە پێشتریش بەهۆی گرژی و ناڕەحەتییەکانی گەرووی هورمزەوە لە ژێر گوشاردا بوون.
لە لایەکی دیکەوە، عەبدوڵڵا ئەلساعیدی، نوێنەری یەمەن لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆبوونەوەیەکی لەناکاوی ئەنجومەنی ئاسایشدا حوسییەکانی تۆمەتبار کرد بەوەی دەیانەوێت "واقیعێکی نوێ لە دەریای سووردا بسەپێنن".
ستراتیژی ترەمپ و هۆکارەکانی دەستوەرنەدانی بەپەلە
سەبارەت بە هەڵوێست و ستراتیژی ترەمپ، سەرەڕای نائارامییەکان، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هیچ پەلەیەکی نییە بۆ دەستوەردانی ڕاستەوخۆ یان دەستپێکردنەوەی جەنگ و هێرشی سەربازی لە یەمەن.
هۆکارە سەرەکییەکان بریتین لە:
•هێڵە سوورەکانی واشنتن: هەڵوێستی واشنتن ئەوەیە هەتا ئەو کاتەی حوسییەکان ڕاستەوخۆ هێرش نەکەنە سەر کەشتیوانیی بازرگانیی سەربەخۆ یان کەشتییە ئەمریکییەکان و تەنگ بە بازرگانیی جیهانی هەڵنەچنن، واشنتن ئامادە نییە چەک و هێزی سەربازی بەکاربهێنێت.
•دوورکەوتنەوە لە جەنگی هەرێمی: ئیدارەی ترەمپ هەوڵ دەدات خۆی لە شەڕێکی درێژخایەنی هەرێمی بپارێزێت و سەرنجی بخاتە سەر دۆسیە نێودەوڵەتییە سەرەکییەکان.
•ململانێی ناوخۆیی: ئەم دەستبەسەرداگرتنە زیاتر وەک ململانێی ناوخۆیی و مەترسییەک لەسەر ستراتیژی ئاسایشی سعودیە و هێزە ناوخۆییەکانی یەمەن سەیر دەکرێت، بۆیە واشنتن بارگرانیی دەستوەردانی سەربازیی ڕاستەوخۆ لەسەر شانی خۆی بەکەم دەبینێت تا ئەو کاتەی هێڵە سوورە نێودەوڵەتییەکان نەبەزێندرێن.