هەرێم نیوز
بەرپرسێکی باڵای پارتی لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، پەیامی ئومێدبەخش هەیە و پرۆسەی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەت لەوەی پێشبینی دەکرا زووتر دێتە پێشەوە.
بەرپرسیاریەتیی لایەنەکان بەرامبەر دۆخی ناوچەکە
عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی سلێمانی و هەڵەبجەی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "پێمان وایە هەنگاوەکانی ماوەی ڕابردوو بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەت، لەگەڵ دۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکەدا، بەرپرسیارەتییەک دروست دەکات کە نابێت ئەم بابەتانە چیتر دوابکەون."
پەیامی ئومێدبەخش و بەرەوپێشچوونی دیدارەکان
باسی لەوەش کرد کە پێویستە لایەنەکان بۆ قۆناغەکانی داهاتوو خۆیان ئامادە بکەن. ئەو بەرپرسەی پارتی جەختی کردەوە، پەیامی ئومێدبەخش هەیە و پرۆسەی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەت لەوەی پێشبینی دەکرا زووتر دێتە پێشەوە.
لەبارەی ئەنجامی دیدارەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان، عەلی حوسێن ڕوونی کردەوە، پێدەچێت هەنگاوەکانی ئەو دیدارانە بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆیانەوە بینیبێت.
پێکهێنانی حکوومەت لەگەڵ یەکێتی
پێشتریش عەلی حوسێن ئاماژەی بەوە کردبوو، پێکهێنانی حکوومەت بەبێ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە کارێکی ئەرێنی نابینن.