هەرێم نیوز
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند،، بە مەبەستی ڕێگری لە وتاری ڕقوکینە و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی، نزیکەی سێ هەزار هەژماری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا داخستووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی 9ـی 2026، ئەرشەد حاکم، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند، وتاری ڕقوکینە، بەتایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە بۆنە ئایینییەکاندا، مەترسی بۆ ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە عێراقدا دروست دەکات، بۆیە چەندین ڕێکاری چاودێری و تەکنیکی جێبەجێ کراون.
ئاماژەی بەوەش کردووە، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا نزیکەی پێنج هەزار پەڕە و پلاتفۆرم چاودێری کراون کە ڕیکلامیان بۆ بەکارهێنانی چەک، ماددە هۆشبەرەکان و لایەنە قەدەغەکراوەکان کردووە و وتاری ڕقوکینە و توندوتیژییان بڵاوکردووەتەوە، کە لەو ژمارەیە نزیکەی دوو هەزار و 700 هەژماریان داخراون.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ئاشکرای کرد، لە هەمان ماوەدا زیاتر لە 750 هێرشی سایبەری کە کرابوونە سەر ماڵپەڕە حکومییەکانی عێراق، بەرپەرچ دراونەتەوە و چارەسەر کراون.