دواین هەواڵ

عێراق‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

عەبودی: بەغدا خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت لە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان

هەرێم نیوز

وتەبێژی حکومەتی عێراق جەخت لە بەرپرسیارێتیی بەغدا بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە و ئاماژە بە زیانە ئابوورییەکانی ولاتەکەی بەهۆی ئاستەنگەکانی هەناردەی نەوتەوە دەدات.

ئەمڕۆ سێشەممە، 15ـی 9ـی 2026، حەیدەر عەبودی،، وتەبێژی حکومەتی عێراق، لە لێدوانێکدا لە بەرلین ڕایگەیاند، بەپێی دەستووری ساڵی 2005، حکومەتی فیدراڵی خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت لەسەر ئاستی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و پڕکردنەوەی تەواوی پێداویستی و داخوازییەکانی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەیدا لە بەرلین جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان بەشێکی بنەڕەتی و گرنگە لە عێراق.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، وتەبێژی حکومەتی عێراق باسی لە لێکەوتەی ململانێ سەربازییەکانی ناوچەکە لەسەر ئابووریی عێراق کرد و ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی عێراق لایەنێک نەبووە لە شەڕەکەدا، بەڵام ئابوورییەکەی بەهۆی کێشەکانی هەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان زیانی بەرکەوتووە.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، لە سەردانەکانیان بۆ فەرەنسا و ئەڵمانیا بانگهێشتی کۆمپانیا جیهانییەکانیان کردووە تاوەکو لە کەرتەکانی وزە، ئاسایش، فڕۆکەوانیی مەدەنی و ژێرخاندا وەبەرهێنان لە عێراقدا بکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP