هەرێم نیوز
بانکی ناوەندیی عێراق دابینکردنی دۆلاری بۆ گەشتیاران و بازرگانیی دەرەکی کەم کردووەتەوە، بەرپرسانی دارایی و پەرلەمانتارانیش هۆکارەکەی بۆ کەمبوونەوەی هەناردەی نەوت، رێکارەکانی ئەمریکا و دابەزینی یەدەگی بانکی ناوەندی دەگەڕێننەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2026، بەرپرسانی چەند بانکێکی ناوخۆیی پشتڕاستیان کردەوە کە ماوەیەکە پشکیان لە دۆلاری نەختینەیی بانکی ناوەندی بەڕێژەیەکی بەرچاو و بۆ پێنج یەکی پێشوو کەم بووەتەوە، بەتایبەتی ئەو دۆلارەی بە نرخی فەرمی دەدرێتە گەشتیاران.
هاوکات، مامەڵەی بازرگانان بۆ هاوردەکردنی کاڵا کە پێشتر تەنیا حەوت بۆ هەشت رۆژی دەویست، ئێستا نزیکەی مانگێکی پێدەچێت.
لەم بارەیەوە، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، کەمبوونەوەی دۆلاری بانکی ناوەندی بۆ بانکەکان پەیوەندی بە چەند هۆکارێکەوە هەیە، لەوانە کەمبوونەوەی ئەو دۆلارە کاشەی لەلایەن بانکی فیدراڵیی ئەمریکاوە دەنێردرێت بۆ بەغدا، هەروەها کەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی عێراق کە لە مانگی ئابدا بۆ نزیکەی سێ ملیۆن بەرمیل دابەزیوە. هۆکارێکی دیکەش توندکردنەوەی رێکارەکانی بانکی ناوەندییە بۆ رێگریکردن لە بەقاچاخبردنی دۆلار.
لەلایەکی دیکەوە، موزهر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەبارەت بە کەمبوونەوەی دۆلار بۆ بازرگانیی دەرەکی، روونیکردەوە کە ئەم پرسە زیاتر پەیوەندیدارە بە حەواڵەی دەرەکی لە رێگەی بانکە بیانییە نێوەندگیرەکانەوە، نەک تەنیا دۆلاری کاش کە بۆ گەشتیاران دابین دەکرێت.
بەپێی زانیارییەکان، بانکی ناوەندی لە ئێستادا بۆ پێدانی دۆلار و حەواڵەی دەرەکی، ئەولەوییەت بە کاڵا بنەڕەتییەکانی وەک خۆراک دەدات وەک لە کاڵا لاوەکییەکان.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە یەدەگی بانکی ناوەندیی عێراق لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا بۆ 86.1 ملیار دۆلار دابەزیوە، کە دەکاتە کەمبوونەوەی زیاتر لە 11% بەراورد بە نیوەی پێشووتر، هۆکاری سەرەکیی ئەم دابەزینەش دەگەڕێتەوە بۆ قەرزدانی بەردەوام بە وەزارەتی دارایی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی خەرجییە مانگانەکانی حکوومەت کە مانگانە پێویستی بە نزیکەی 11 تریلیۆن دینار هەیە.