دواین هەواڵ

عێراق‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا چەندین تانکەری بەنزین و گاز دەگەنە عێراق

هەرێم نیوز

وەزارەتی نەوتی عێراق هەنگاوی نوێ بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووتەمەنی دەنێت و ڕایدەگەیەنێت، بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ، چەندین تانکەری بەنزین و گاز بگەنە وڵات.

ئەمڕۆ سێشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2026، سەلیم ڕووکابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، وەزارەتەکەیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی سووتەمەنی، گرێبەستی زیاتری بۆ دابینکردنی بڕی پێویستی بەرهەمەکانی بەنزین و گاز واژۆ کردووە.

گوتەبێژەکەی وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەش کرد، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا ئەو تانکەرانەی سووتەمەنی بگەنە ناوخۆی عێراق، ئەمەش بە مەبەستی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی خواست لەسەر سووتەمەنی دروست بووە.

لە درێژەی قسەکانیدا، ڕووکابی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم ڕێکارانە بەشێکن لە پلانە ستراتیژییەکانی وەزارەت بۆ دابینکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بەپێی خواستی ڕاستەقینەی بەکارهێنان.

هەروەها دووپاتی کردەوە کە وەزارەت بەردەوامە لە چاودێریکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆ و لە کاتی پێویستدا لە ڕێگەی زیادکردنی هاوردەکردنەوە کەمکوڕییەکان پڕ دەکاتەوە، بۆ ئەوەی سەقامگیری لە بازاڕدا دروست بکات و تەواوی پێداویستییەکانی هاووڵاتییان دەستەبەر بکات.

جێی باسە، سەرەڕای ئەوەی عێراق یەکێکە لە گەورەترین وڵاتە بەرهەمهێنەر و هەناردەکارەکانی نەوتی خاو لە جیهاندا، بەڵام بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو بەردەوام بەدەست کێشە و قەیرانی کەمیی بەرهەمە پاڵاوتەکانی وەک بەنزین و گازوایلەوە دەناڵێنێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP