دواین هەواڵ

جیهان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

ترەمپ: ئومێدەوارین جەنگی ئێران بەمزوانە کۆتایی بێت

هەرێم نیوز

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، کە ئومێدەوارە جەنگی ئێران بەمزوانە کۆتایی بێت و بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ سەرکردەی وڵاتانی کەنداو، پلانی قۆناغی دوای جەنگەکە تاوتوێ بکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی 9ـی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، هیوادارە جەنگی ئێران بەمزوانە کۆتایی بێت.

لە لایەکی دیکەوە ماڵپەڕی ئەکسیۆس بڵاویکردەوە، بڕیارە ترەمپ ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەگەڵ سەرکردە یان وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو کۆببێتەوە، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر ستراتیژی ئەمریکا بۆ قۆناغی دوای جەنگەکە.

جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران پێی ناوەتە مانگی حەوتەمەوە و تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ کۆتاییهاتنی نزیکی جەنگەکە دەرنەکەوتووە. ترەمپ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕایگەیاند، هیوادارن لەسەر ڕێگای کۆتاییهاتنی جەنگەکە بن. سەبارەت بە هەڵوێستی تارانیش، ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەوان دەیانەوێت بگەنە ڕێککەوتن و بەبێ خستنەڕووی وردەکاری، ئەوەشی گوت کە ڕاستەوخۆ لە ئێرانییەکانەوە زانیاریی پێگەیشتووە. لە بەرامبەر ئەم زانیارییانەدا، تا ئێستا هیچ وتەبێژێکی کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لێدوانیان نەداوە. 

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و غاز بەهۆی جەنگەکەوە بووەتە پرسێکی سەرەکی بۆ پارتی کۆمارییەکان بەر لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول کە لە مانگی تشرینی دووەمدا بەڕێوەدەچێت.

هاوکات لە هەواڵێکی دیکەی پەیوەندیدار بە دیپلۆماسییەتی ئەمریکاوە، جێن شاهین، گەورە سیناتۆری دیموکراتەکان لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران ڕایگەیاند، زیاتر لە (35) باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کیشوەری ئەفریقا لە ئێستادا بێ باڵیۆزن و تا ئێستا لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە پەسەند نەکراون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP