هەرێم نیوز
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پاکێجێکی نوێ و بەرفراوانی سزاکانی بەسەر ڕووسیادا پەسەند کرد، بە مەبەستی زیادکردنی گوشارەکان بۆ سەر مۆسکۆ بەهۆی بەردەوامیی جەنگی ئۆکراینا، و پڕۆژەیاساکەش بۆ جێبەجێکردن چاوەڕوانی واژۆی دۆناڵد ترەمپە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی 9ـی 2026، میدیاکان بڵاویانکردەوە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە دەنگی (262) ئەندام بەرامبەر (159) دەنگ پڕۆژەیاسایەکی نوێی بۆ سزادانی ڕووسیا پەسەند کرد.
ئەم هەنگاوە بە گەورەترین هەنگاوی یاسایی ئەمریکا دژی مۆسکۆ دادەنرێت لە دوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی. مانگی ڕابردووش ئەنجوومەنی پیران بە زۆرینەی (86) دەنگ بەرامبەر (11) دەنگ پڕۆژەکەی پەسەند کردبوو، لە کاتێکدا ترەمپ پێشتر دووپاتی کردبووەوە کە واژۆی لەسەر دەکات.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، یاسا نوێیەکە چەند بوارێکی هەستیار دەکاتە ئامانج، لەوانە سەپاندنی سزای توند بەسەر کەرتەکانی نەوت، غاز، و پیشەسازیی سەربازیی ڕووسیا، هەروەها سزادانی ڤلادیمێر پوتین و چەندین بەرپرسی باڵای دیکەی ئەو وڵاتە.
هاوکات سزاکان کەشتیگەلی سێبەری ڕووسیا دەگرێتەوە کە بۆ فرۆشتنی نەوت بەکاردەهێنرێن، لەگەڵ پێدانی دەسەڵات بە ترەمپ بۆ سەپاندنی باجی گومرگی تا ڕێژەی (100%) بەسەر ئەو وڵاتانەی نەوت و غازی ڕووسیا دەکڕن (بەتایبەت چین و هیندستان).
پڕۆژەیاساکە ئەو کۆمپانیا بیانییانەش دەگرێتەوە کە هاوکاریی سوپای ڕووسیا دەکەن و سزاکانی سەر ئێرانیش فراوانتر دەکات.
سەبارەت بە هۆکاری پەسەندکردنی ئەم سزایانە، پشتیوانانی پڕۆژەکە پێیان وایە کە پێویستە گوشاری ئابووریی زیاتر بخرێتە سەر ڕووسیا، بەتایبەت کە جەنگی ئۆکراینا پێدەنێتە پێنجەمین ساڵی خۆیەوە.
پێشتریش ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا داوای لە کۆنگرێسی ئەمریکا کردبوو ئەم سزایانە پەسەند بکەن بۆ ئەوەی مۆسکۆ ناچار بە دانوستان بکرێت.
ئەم پێشهاتەش لە کاتێکدایە کە ڕۆژی چوارشەممە بەهۆی هێرشێکی درۆنیی ڕووسیاوە بۆ سەر ئامرازەکانی گواستنەوەی هاووڵاتییان لە باشووری ئۆکراینا، پێنج کەس گیانیان لەدەستدا.