دواین هەواڵ

کوردستان‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

حکوومەتی هەرێم ١١ گەنج لە لیبیا دەگەڕێنێتەوە

هەرێم نیوز

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕێکارەکانی گەڕاندنەوەی ١١ گەنجی هاونیشتمانی لە وڵاتی لیبیاوە بۆ هەرێمی کوردستان بەکۆتا هاتووە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەگەڕێندرێنەوە بۆ نیشتمان.

دەستپێکردنی ڕێکارەکان بە فەرمانی حکوومەت
لە ڕاگەیەندراوێکدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، دوای گەیشتنی هەواڵی بێسەروشوێنبوونی کۆمەڵێک گەنج لە لیبیا، هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ڕاسپێردران بەپەلە دەست بە ڕێکاری پێویست بکەن بۆ دۆزینەوە، ڕزگارکردن و هێنانەوەیان.

سۆراغی ١٠ هاونیشتمانیی دیکەی دەڤەری ڕاپەڕین
هاوکات ئاماژە بەوە کراوە، هەوڵەکان بۆ دۆزینەوە و دیاریکردنی چارەنووسی ١٠ هاونیشتمانیی دیکەی دەڤەری ڕاپەڕین بەردەوامن. پرۆسەی ڕزگارکردن و سۆراغکردنی ئەم هاونیشتمانییانە بە هەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا و نوێنەرایەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت.

هۆشیارکردنەوە سەبارەت بە کۆچی نایاسایی
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونی کردەوە کە هەندێک لەم گەنجانە بۆ ماوەی هەشت مانگ لە بەندینخانەکانی لیبیادا بوون و ڕووبەڕووی مەترسیی جدی بوونەتەوە. لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵەدا، حکوومەت جارێکی تر داوای لە گەنجان و بنەماڵەکانیان کرد خۆیان لە ڕێگەی مەترسیداری کۆچی نایاسایی بەدوور بگرن، تا تووشی پێشێلکاریی یاسایی و مەترسییەکانی سەر گیانیان نەبنەوە



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP