هەرێم نیوز
مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت کە واشنتن پابەندە بە ڕێککەوتن و بەڵێنە ئەمنییەکانی لەگەڵ عەرەبستانی سعوودیە، هاوکات پشتیوانیی خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی یەمەن دژی حووسییەکان دەردەبڕێت و بە "هێرشێکی پێچەوانەی چاوەڕوانکراو" وەسفی دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، 5ـی 10ـی 2026، مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە لە لێدوانێکدا رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کە ویلایەتە یەکگرتووەکان خاوەنی کۆمەڵێک ڕێککەوتن و پەیماننامەی ئەمنییە لەگەڵ عەرەبستانی سعوودیە و بە تەواوەتی پابەند دەبێت پێیانەوە.
ڕۆبیۆ ئاماژەی بەوە کرد کە هێزەکانی ئەنساروڵڵا (حووسییەکان) هێرشیان ئەنجام داوە و هەڕەشەیان دروست کردووە، بۆیە سعوودیە مافی تەواوی خۆیەتی کە بەرگری لە خۆی بکات.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی یەمەن و عەرەبستانی سعوودیە بە هیچ شێوەیەک قبووڵی ناکەن کە حووسییەکان کۆنترۆڵی گەرووی بابولمەندەب بگرنە دەست. لە درێژەی قسەکانیدا، ڕۆبیۆ ڕوونیکردەوە کە ئەوەی ئێستا لە یەمەن ڕوودەدات، هێرشێکی پێچەوانەیە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانەی کە حووسییەکان دەستیان بەسەردا گرتووە، و ئاشکرایشی کرد کە ئەمریکا پێشبینیی ئەنجامدانی ئەم ئۆپەراسیۆنەی دەکرد.