هەرێم نیوز
لە پێشڕەوییەکی مەیدانیی گەورەدا لە ڕۆژئاوای یەمەن، هێزەکانی حکومەتی شەرعیی یەمەن کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوەتیی شاری ستراتیژیی مەخایان لە ڕۆژئاوای پارێزگای تەعز ڕاگەیاند، دوای پێکدادانی خوێناوی و شەڕێکی توند دژ بە چەکدارانی گرووپی ئەنساروڵڵا (حوسییەکان).
سەرچاوەیەکی سەربازی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمیی "سەبەئـ" ئاشکرای کرد کە سوپای یەمەن بە پشتیوانیی چڕی هێزی ئاسمانی توانیویەتی کۆنترۆڵی شاری مەخا لەسەر کەناراوەکانی دەریای سوور بکاتەوە، کە لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی ڕابردووەوە کەوتبووە دەست حوسییەکان.
لە بابولمەندەبەوە بەرەو دڵی سەنعا
ئەم سەرکەوتنە لە کاتێکدایە کە سوپای یەمەن پێشتریش ناوچەی ستراتیژیی بابولمەندەب و فڕۆکەخانەی "زوباب"ی لە باشووری ڕۆژئاوای وڵات کۆنترۆڵ کردبووەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە سەربازییە خێرایانەدا، هێزەکانی حکومەت دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی هێرشی ستراتیژییان بەرەو شاری سەنعای پایتەخت ڕاگەیاند، کە لەژێر دەسەڵاتی حوسییەکاندایە.
ئۆپەراسیۆنی "بەیانی یەمەن"؛ زیاتر لە ١٠٠ فڕۆکەی جەنگی بەشدارن
لە لایەکی دیکەوە، لیوا تورکی مالیکی، وتەبێژی هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە، ڕایگەیاند کە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ناسراو بە "بەیانی یەمەن"دا، زیاتر لە ١٠٠ فڕۆکەی جەنگی بەشدارن لە لێدانی پێگەکانی حوسییەکان و دابینکردنی چەتری پاراستنی ئاسمانی بۆ گەرووی بابولمەندەب.
مالیکی جەختی کردەوە کە ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان بەردەوامن و هاوپەیمانییەکە بە درێژایی کات پشتیوانیی هێزەکانی سەر زەوی دەکات بۆ تەواوکردنی کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکان.