هەرێم نیوز
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە مەزڵووم عەبدی کرد و لە دیدارێکدا تاوتوێی دۆخی گشتیی سووریا، پرسی کورد لەو وڵاتە و دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکەیان کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی 10ـی 2026، لە دیدارەکەدا هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە؛ لەو چوارچێوەیەشدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان پشتگیریی هەرێمی کوردستانی بۆ سووریایەکی ئارام و سەقامگیر دووپات کردەوە کە تێیدا مافی کورد و تەواوی پێکهاتە جیاوازەکان پارێزراو و مسۆگەر بێت، هاوکات ئاماژەی بە گرنگیی برەودان بە پەیوەندییەکان و هەماهەنگیی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ سووریادا کرد.
لەلایەن خۆیەوە، مەزڵووم عەبدی ستایش و پێزانینی خۆی ئاراستەی هەڵوێست و پشتیوانییە بەردەوامەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی کورد و هەوڵە دیپلۆماسییەکانی لەپێناو بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.