هەرێم نیوز
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، بوونی دەسەڵاتێکی دادوەریی بەهێز و سەربەخۆ لە عێراق بەردی بناغەی سەروەریی یاسا، چەسپاندنی سەروەریی دەوڵەت و سەقامگیرییە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی 10ـی 2026، تۆم باراک لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ئاشکرای کرد: "ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدارم لەگەڵ دادوەر فایەق زەیدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئەنجام دا، ئەو دامەزراوەیەی کە بەرپرسیارە لە بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی دادوەری و پاراستنی سەربەخۆیییەکەی."
نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، دەسەڵاتی دادوەریی بەهێز لەو هۆکار و فاکتەرە سەرەکییانەیە کە دەرفەت بۆ عێراق دەڕەخسێنێت تاوەکو تواناکانی خۆی بگۆڕێت بۆ خۆشگوزەرانی و گەشەپێدان، هاوکات سوپاسگوزاریی خۆی بۆ هاوبەشی و هەماهەنگیی نێوان هەردوولا دەربڕی.