دواین هەواڵ

جیهان‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

وۆڵ ستریت جۆرناڵ: بەهۆی هێرشی درۆنی حوسییەکان، سعوودیە پەنا بۆ پاکستان دەبات

هەرێم نیوز
ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی ئاشکرای کرد، بەهۆی فراوانیی پانتایی ئاسمانی وڵاتەکەی و زیادبوونی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی بزووتنەوەی حوسییەکان، شانشینی عەرەبیی سعوودیە داوای هاوکاریی بەپەلەی سەربازیی لە پاکستان کردووە بۆ بەهێزکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی خۆی، هاوکات لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ دەستخستنی سیستەمی بەرگریی پێشکەوتوو لەسەر ئاستی جیهان.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە و بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، سعوودیە لە ئێستادا ڕووبەڕووی ئاستەنگی و زەحمەتییەکی گەورە بووەتەوە لە پاراستنی هاوکاتی تەواوی ناوچە بەرفراوانەکانی، ئەمەش ناچاری کردووە بەردەوام سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی لە نێوان کۆشکە شاهانەییەکان و دامەزراوە هەستیارەکانی کەرتی وزە و نەوتدا بگوێزێتەوە؛ هاوکات هاوتەریب لەگەڵ ئەم هەنگاوانەدا، ڕیازی پایتەخت زیاتر لە پێشوو بیر لە دۆزینەوەی بژاردە و چارەسەری دیپلۆماسی دەکاتەوە لەگەڵ چەکدارانی حوسی.

ئەم پەرەسەندنە ئەمنییانە لە دوای زنجیرەیەک هێرشی چڕ دێن بۆ سەر فڕۆکەخانەکانی ڕیاز و ئەبها؛ بەپێی ئامارەکانی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعوودیە، تەنها لە هێرشەکەی ڕۆژی یەکشەممە بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ڕیاز، هاووڵاتییەکی پاکستانی گیانی لەدەست داوە و ١١ کەسی دیکەش بریندار بوون، کە ئەوە چوارەم هێرشی ئاسمانی بوو لە ماوەی پێنج ڕۆژدا.

لەلایەکی دیکەوە، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان و فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی، جەختیان لە بەردەوامیی پابەندبوونی ئیسلام ئاباد کردووەتەوە بە پاراستنی ئاسایشی سعوودیە بەپێی پەیماننامەی بەرگریی هاوبەشی مەککە، بەڵام وەزارەتی زانیاریی پاکستان دەنگۆی بەشداریکردنی فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەی لە هێرشکردنە سەر پێگەکانی حوسی لە یەمەن ڕەتکردەوە.

هاوکات هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، ئەنقەرە لە ئێستادا تاوتوێی پێشکەشکردنی هاوکاریی تەکنیکی، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و کەرەستەی جەنگی ئەلیکترۆنی و ئۆتۆماتیکی بۆ سعوودیە دەکات، بەبێ ئەوەی هێزەکانی سوپای تورکیا لە هیچ ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی هێرشبەریدا بەشدار بن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP