هەرێم نیوز
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ڕایدەگەیەنێت، کە لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگدا، کێبڵ، داتاسەنتەر و دامەزراوەکانی ژیریی دەستکردی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەکەنە ئامانج، و فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکاش (سێنتکۆم) بە بەڕێوەبردنی تۆڕەکانی قاچاق لە گەرووی هورمز تۆمەتبار دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی 10ـی 2026، موحسن ڕەزایی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە لێدوانێکدا هۆشداریی دا، کە ئەگەر ململانێکان سەرهەڵبدەنەوە، بەرنامەیەکی فراوانتریان دەبێت.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەمریکا سامان و بەرژەوەندیی بەنرخی لە ناوچەکەدا هەیە، و لە حاڵەتی هەڵگیرسانی جەنگدا، کێبڵەکان، ناوەندەکانی زانیاری (داتاسەنتەرەکان) و دامەزراوەکانی ژیریی دەستکرد دەکرێت بکەونە بەر هێرشەکانیان.
سەبارەت بە دۆخی گەرووی هورمز، ڕەزایی ڕوونیکردەوە، کە هەرچەندە دیاردەی قاچاق لە هەموو جیهاندا بوونی هەیە، بەڵام گەرووەکە لەژێر کۆنترۆڵی ئێراندایە و ئەوان بەڕێوەی دەبەن.
ئاشکراشی کرد، کە لە دوو بۆ سێ مانگی ڕابردوودا، بە تێکڕا هەموو شەوێک پێنج کەشتیی سەربە قاچاقچییانیان کردووەتە ئامانج.
لەو چوارچێوەیەشدا، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکاب بە سەرپەرشتیکردنی ئەو قاچاقچییانە تۆمەتبار کرد لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێزە سەربازییەکانی ئیماراتەوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، کە بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز بۆ ئێران سەرمایەیەکی نیشتمانییە و بابەتەکە تەنیا وەرگرتنی باج و ڕسوومات نییە، بەڵکو پرسی سەرەکی ئاسایشە، هەرچەندە دەکرێت لەپای تێچووەکانی ئاسایش، دڵنیایی و ژینگە بڕە پارەیەک وەربگیرێت.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە ئاسایشی دەریایی و گەرووی هورمز گەیشتووەتە لوتکە.
تەنیا دوو ڕۆژ لەمەوبەر، سێنتکۆم بانگەشەکانی ئێرانی بۆ کۆنترۆڵکردنی گەرووەکە ڕەتکردەوە و هێرشەکانی بۆ سەر کەشتییەکان بە "نیشانەی بێئومێدی" بەهۆی گەمارۆکانەوە وەسف کرد.
هەڕەشەکردن لە ژێرخانی تەکنەلۆجیی وەک کێبڵەکانی ژێر دەریا و داتاسەنتەرەکان، گۆڕانکارییەکی نوێیە لە جۆری ئەو ئامانجانەی کە تاران لە ئەگەری جەنگێکی فراواندا ئاماژەیان پێ دەکات، کە ئەمەش مەترسییەکانی سەر ئاسایشی ئابووری و دیجیتاڵیی جیهان زیاتر دەکات.