هەرێم نیوز
چوار گروپی چەکدار ململانێیەکی توند بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق بەڕێوەدەبەن، بەڵام ڕووبەڕووی ڤیتۆیەکی توندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوونەتەوە کە ڕێگری لە سپاردنی ئەو پۆستە هەستیارە بە کەسایەتییە نزیکەکان لە ئێران دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی 11ـی 2026، ڕۆژنامەی "المدى" لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری سەرچاوە سیاسییەکان و سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە بڵاویکردەوە، ئەو گروپە چەکدارانە دوای دروستبوونی کۆسپی ڤیتۆی ئەمریکی، پەنایان بۆ جێبەجێکردنی پلانی جێگرەوە بردووە، کە خۆی لە کاندیدکردنی کەسایەتیی بەناو تەکنۆکرات و دەرەوەی حەشدی شەعبیدا دەبینێتەوە تا لە ڕووی فەرمییەوە سەربەخۆ دەربکەون بەڵام لە ژێرەوە لەژێر کۆنترۆڵ و کاریگەریی خۆیاندا بن.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەو هێزانە هەوڵ دەدەن ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە تا هەژموونی خۆیان بەسەر دامەزراوە هەستیارە ئەمنییەکاندا فراوان بکەن؛ ئەو دەزگایانەی لە ڕابردوودا بە هێڵی سوور دادەنران و دەستی ئەو گروپانەیان پێ نەدەگەیشت.
هاوکات ڕاپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە هەندێک لەو لایەنانە هەڕەشەی توندیان لە هەر کەسایەتییەک کردووە کە لە دەرەوەی بازنەی نفووزی ئەوان ناوی بۆ پۆستەکە پێشنیاز بکرێت، بە جۆرێک هەڕەشەی هەڵدانەوەی پەڕاوی کۆن و ڕەوانەکردنی کەیسەکانیان بۆ دادگا لەسەر مەلەفی مەترسیدار کردووە.
ئەم ناکۆکی و هەڕەشانە دوای ئەوە هاتنە ئاراوە کە دەنگۆی ناوزەدکردنی چەند کەسایەتییەکی سوننە بۆ سەرپەرشتیکردنی دەزگاکە بڵاوبووەوە، لە سەروویانەوە محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمان، و وەقاس حەدیسی.
سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ ڕۆژنامەکە ئاشکرای کردووە کە فشارەکان گەیشتوونەتە ئاستی باسکردن لە جووڵاندنی تۆمەتی پەیوەندی بە ئیسرائیلەوە دژی حەلبووسی بە پشتبەستن بە یاسای تاوانبارکردنی ئاساییکردنەوەی ساڵی ٢٠٢٢، ئەوەش بەهۆی گرێبەستێکی پێشووی هەڵبژاردنەکانی لەگەڵ کۆمپانیایەکی بانگەشەکردن کە پێشتر لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە و هیچ تۆمەتێکی بەسەردا ساغ نەبووەتەوە.
لە دەرەنجامی ئەو فشار و ئاڵۆزییە توندانەدا، حکوومەتی عێراق ناچار بوو سەرجەم ئەو دەنگۆیانە ڕەت بکاتەوە کە باسیان لە ڕادەستکردنی پۆستی سەرۆکایەتیی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی بە پێکهاتەی سوننە دەکرد.