هەرێم نیوز
کەسوکاری (ئارام ئیمامی)، ئەو گەنجەی کە لە قەزای شارەزوور لە ناو چایخانەیەکدا کوژرا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وردەکاریی ڕووداوەکەیان ئاشکرا کرد و داوای دەستگیرکردنی تۆمەتباری سەرەکییان کرد.
پاشخانی کێشەکە و دووبارەبوونەوەی ئاڵۆزییەکان
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، کەسوکاری ئارام ئیمامی ڕایانگەیاند کە ڕووداوەکە پەیوەندیی بە کێشەیەکی کۆنەوە هەبووە لەسەر مامەڵەیەکی دارایی بە بڕی ٣٠٠ دۆلار.
ڕوویان لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد و گوتیان: "چەند جارێک یەخەیان پێ گرتووە، جارێکیان چەند کەسێک چووبوونە سەر ڕێگەی، ئەمیش بۆ بەرگریکردن لە خۆی یەکێکیانی بریندار کردبوو. دواتر بەهۆی ئەو کێشەیەوە بۆ ماوەی پێنج ساڵ زیندانی کرا و دوای تەواوکردنی سزاکەی ئازاد کرا."
چۆنیەتیی ئاڵۆزبوونی ڕووداوەکە و داواکاریی کەسوکاری مقتوول
کەسوکاری ئارام ئەوەشیان خستە ڕوو کە سەرەڕای تێپەڕبوونی سزاکەی، لایەنی بەرامبەر نامەردانە لە ناو چایخانەیەکدا هێرشیان کردووەتە سەری و کوشتوویانە.
لە کۆتاییی لێدوانەکەیاندا جەختیان لەسەر جێبەجێکردنی یاسا کردەوە و گوتیان: "داواکاریی سەرەکیی ئێمە دەستگیرکردنی خێرای تۆمەتبار و سزادانییەتی بەپێی یاسا. ئێمە ڕێگریمان لە گەنجانی بنەماڵەکەی خۆمان کردووە تا دەست بۆ تۆڵەسەندنەوە نەبەن و ڕێگە بدەن یاسا سەروەر بێت و کار لەسەر ئەم کەیسە بکات."