دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

پۆلیسی هەولێر؛ بەکارهێنانی چەک بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت و ڕێکاری توند دەگیرێتە بەر

هەرێم نیوز

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند کە دوای دروستبوونی ئاڵۆزی و بەکارهێنانی چەک لە نێوان دوو بنەماڵەدا لە قەزای خەبات، دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و دۆخەکەیان بە تەواوی کۆنترۆڵ کردووە.

دەستوەردانی خێرای هێزە ئەمنییەکان
ئەمڕۆ هەینی، ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد کە شەوی ڕابردوو کێشە لە نێوان دوو بنەماڵە لە قەزای خەبات دروست بوو و چەک بە کار هێنرا.

لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە کە دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر و هێزەکانی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و توانییان بە خێرایی دۆخەکە بە تەواوی ئارام بکەنەوە.

هۆشداری بەرامبەر بەکارهێنانی چەک
پۆلیسی هەولێر جەختی لەوە کردەوە کە لێپێچینەوەی یاسایی بەرامبەر هەر کەسێک دەکرێت کە ببێتە هۆی دروستکردنی پشێوی و تێکدانی ئارامی و ئاسایشی هاووڵاتییان.

پۆلیس لە ئاگادارییەکیدا بۆ هاوڵاتییان ڕایگەیاند: "بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت چەک بە کار بهێنرێت، و لە چوارچێوەی یاساشدا ڕێکاری توند بەرامبەر هەر سەرپێچیکارێک دەگیرێتە بەر."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP