هەرێم نیوز
لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی قەزای ناوەندیی هەولێر، بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەولێر، بەهۆی ڕێگەدان بە نەوجەوانانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ بۆ خواردنەوەی کحول، ڕێستورانتی "بێنێلی"یان لە شاری هەولێر داخست و خاوەنەکەشیان ڕووبەڕووی یاسا کردەوە.
لێکۆڵینەوە و ئاشکراکردنی سەرپێچییەکان
قایمقامییەتی قەزای ناوەندیی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، ئەم ڕێکارە بەپێی زانیاریی پێشوەختە و دوای ئەنجامدانی پرۆسەیەکی وردی لێکۆڵینەوە و چاودێریکردنی شوێنەکە لە لایەن تیمە پەیوەندیدارەکانەوە هاتووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە بە بەڵگەوە سەلمێنراوە ڕێستورانتی "بێنێلی" سەرپێچیی بەرچاوی یاسایی ئەنجام داوە و ڕێگەی بە منداڵان و نەوجەوانانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ داوە لە ناو ڕێستورانتەکەدا خواردنەوە کحولییەکان بەکار بهێنن.
ئیجرائاتی یاسایی و بەردەوامیی چاودێرییەکان
قایمقامییەتی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، دەستبەجێ لە لایەن تیمەکانەوە ڕێستورانتەکە داخراوە، هاوکات خاوەنی شوێنەکەش ڕووبەڕووی ڕێکاری توندی یاسایی کراوەتەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، لایەنە پەیوەندیدارەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە بەردەوام دەبن لە پشکنین و چاودێریکردنی تەواوی شوێنە گشتییەکان، و ڕێگە بە هیچ جۆرە سەرپێچییەک نادەن کە ئاسایش، سەلامەتی و ڕەوشتی گشتی، بەتایبەت منداڵان و مێرمنداڵان، بخاتە مەترسییەوە.