هەرێم نیوز
⠀
پڕۆژەی ڕووناکی هۆشداری دەداتە هاوبەشانی کارەبا کە پێویستە لە ماوەی ٥٠ ڕۆژدا پارەی پسوولەکانیان بدەن و بەپێچەوانەوە ڕێکاری بڕینی کارەبایان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
⠀
ئەمڕۆ دووشەممە، 26ـی 10ـی 2026، پڕۆژەی ڕووناکی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ماوەی ٥٠ ڕۆژی مۆڵەتی پارەدان لە کاتی دەرچوونی پسوولەکەوە لە سەکۆی ئی پسوولە هەژمار دەکرێت نەک لە کاتی گەیشتنی پسوولەی کاغەزی.
⠀
ئاماژەی بەوەش کردووە، هەر هاوبەشێک لەو ماوەیەدا پارەکە نەدات کارەباکەی دەپچڕێت.
⠀
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕوونیشیکردووەتەوە، ئەگەر کارەبای هاوبەشێک بەهۆی قەرزەوە بڕدرا ئەوا پرۆسەی گەڕاندنەوەی تەنیا دوای پێدانی تەواوی پارەی پسوولەکە دەستپێدەکات و لەوانەیە تاوەکو ٢٤ کاتژمێر بخایەنێت.
⠀
جەختی لەوەش کردووەتەوە، ئەگەر پارەکە لە ڕێگەی کارمەندی کۆکەرەوەوە بدرێت ئەوا پرۆسەی گەڕاندنەوەی کارەباکە کاتێکی زیاتری پێویست دەبێت.
⠀
لە کۆتاییدا پڕۆژەکە داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە ڕێگەی ماڵپەڕی ڕووناکییەوە خۆیان تۆمار بکەن بۆ ئەوەی بەردەوام ئاگاداری زانیاریی پسوولەکانیان بن.