هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی ڕووداوی تەقەکردن لە ماڵی هاوڵاتییەک لە گەڕەکی زانکۆ بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە تۆمەتباری سەرەکی و کەسایەتییەکی ناسراوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستگیر کراون.
دەستگیرکردنی تۆمەتباری سەرەکی لە کاتی گەڕانەوەیدا
لە ڕوونکردنەوەکەی ئاسایشی هەولێردا هاتووە کە لە ڕێکەوتی ٢٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، لە گەڕەکی ٩٩ی زانکۆ لە شاری هەولێر، ماتۆرسکیلێک تەقەی لە ماڵی هاوڵاتی (فاطمە ابراهیم) کردبوو. لەسەر ئەم ڕووداوە، تیمی تاوانی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەستبەجێ دەستی بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە کرد و سەرەنجام ناسنامەی تۆمەتباری سەرەکی بەناوی (م، ع، ع) ئاشکرا کرا، کە دوای ئەنجامدانی تاوانەکە بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەڵاتبوو، بەڵام لە کاتی گەڕانەوەیدا لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیر کرا.
دەستگیرکردنی کەسایەتییەکی ناسراوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
لە درێژەی لێکۆڵینەوەکاندا، تۆمەتبارێکی تر کە کەسێکی ناسراوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەناوی (ع.م.ف) دەستگیر کراوە. ناوبراو لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا لە کامێراکانی چاودێریدا دەرکەوتووە کە لەگەڵ تۆمەتباری تەقەکەردا بووە و ماڵی ناوبراوی دەستنیشان کردووە.
ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەش داوە که (ع.م.ف) سەرەڕای ئەم تۆمەتە، تۆمەتبارە بەوەی هانی کەسێکی تری داوە تەقە لە هەمان ماڵ بکات، بەهۆی بوونی کێشەی لەگەڵ کوڕی ئەو ماڵە کە ناوی (زرار)ـە. شایەنی باسە، (زرار) خۆیشی تۆمەتبارە بە تەقەکردن لە نووسینگەی خانوبەرەی (ع.م.ف) و لە ئێستادا بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەڵاتووە، و لێکۆڵینەوەکان لەم ڕووداوە و وردەکارییەکانی بەردەوامن.