دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

کەشناسیی هەرێم: سەرەتای بارانبارین لە دهۆکەوە دەست پێ دەکات و ناوچەکانی دیکە دەگرێتەوە

هەرێم نیوز

کەشناسیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە لە سبەینێ چوارشەممەوە بارانبارین لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکاتەوە و سەرەتا لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆوە دەست پێ دەکات و دواتر تەواوی ناوچەکانی دیکە دەگرێتەوە.

کەشوهەوای ئەمڕۆ سێشەممە
بەپێی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، ئاسمان نیمچەهەور دەبێت و هەندێک کات بۆ ساماڵ و پەڵەهەور دەگۆڕێت؛ پلەکانی گەرما نزیک دەبنەوە لە پلەکانی دوێنێ و لە هەندێک ناوچەش بە ١ تا ٢ پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە.
پلەکانی گەرمای پێشبینیکراوی ئەمڕۆ: هەولێر ٢٩، پیرمام ٢٥، سلێمانی ٢٨، هەڵەبجە ٣٠، چەمچەماڵ ٢٩، دهۆک ٢٨، زاخۆ ٢٩، ئاکرێ ٢٩، گەرمیان ٣٣ و حاجی ئۆمەران ٢٣ پلەی سیلیزی.

پێشبینییەکانی کەشوهەوای سبەینێ چوارشەممە
کەشناسیی هەرێم ئاماژەی بەوە کردووە کە سبەینێ چوارشەممە، ٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، ئاسمان لە نێوان پەڵەهەور و نیمچەهەوردا دەبێت؛ کاریگەریی نزمەپەستۆیەک سەرەتا لەسەر ناوچە سنوورییەکان بە نمەباران و هەورەتریشقەی لەناکاو دەست پێ دەکات.

پاشان لە دوای نیوەڕۆ و ئێوارەدا، نمەباران دەگاتە ناوچە جیاجیاکانی سنووری ئیدارەی زاخۆ، پارێزگای دهۆک، ڕۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر و بەشێک لە ئیدارەی سۆران.
لە کاتەکانی ئێوارەشدا لەسەر سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و بەشێک لە ئیدارەی ڕاپەڕین، بارانبارین و هەورەتریشقە لەسەر ئەو ناوچانە زیاتر دەبێت و دەبێتە هەورەتریشقەی بەردەوام و چالاک. پلەکانی گەرماش کەمێک بەرز دەبنەوە، بەڵام لە کاتی داباریندا کەمێک نزمبوونەوە بە خۆیانەوە دەبینن.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەینێ چوارشەممە: هەولێر ٣٠، پیرمام ٢٧، سلێمانی ٢٩، هەڵەبجە ٣١، چەمچەماڵ ٣٠، دهۆک ٢٩، زاخۆ ٣٠، ئاکرێ ٣١، گەرمیان ٣٤ و حاجی ئۆمەران ٢٥ پلەی سیلیزی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP