دواین هەواڵ

کوردستان‌

 46 خولەک پێش ئێستا

مەسرور بارزانی پڕۆژەیەکی گرنگ و ناوازەی لەبواری ژینگەدا ڕاگەیاند

هەرێم نیوز

مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکدا پڕۆژەی (فرەچەشنیی زیندەیی لە کوردستان)ی ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی تۆمارکردن، لێکۆڵینەوە و پاراستنی ئاژەڵ و ڕووەکەکانی هەرێمە، و داواشی لە هاووڵاتییان کرد ببنە بەشێک لەم هەڵمەتە نیشتمانییە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی 10ـی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی پڕۆژەی (فرەچەشنیی زیندەیی لە کوردستان) وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، کە ئەم پڕۆژەیە دەستپێشخەرییەکی گرنگی دامەزراوەی (کوردستان فاوەندەیشن)ە بۆ تۆمارکردن، ناساندن، لێکۆڵینەوە و پاراستنی ئاژەڵان و ڕووەکەکان لە هەرێمی کوردستان، کە دەبێتە هەنگاوێکی گرنگ بەرەو زیاتر ناساندنی پێکهاتە سروشتییەکانی کوردستان بە جیهان.

سەرۆک وەزیران لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە هەرچەندە کوردستان سروشتێکی دڵڕفێنی هەیە، بەڵام بەهۆی شەڕ و پەلاماری دوژمنانەوە لە سەد ساڵی ڕابردوودا، ڕووبەڕووی وێرانکاری و شێواندنێکی زۆر بووەتەوە.

 بەتایبەتی لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراقدا کە گوندەکان سووتێنران، شاخ و کانیاوەکان تەقێنرانەوە و چەکی کیمیایی دژی سروشتی کوردستان بەکارهێنرا.

 جەختیشی لەوە کردەوە، کە پاراستنی ژینگە تەنیا ئەرکی حکومەت نییە، بەڵکو دەبێت تاک بە تاکی خەڵکی کوردستان کار بۆ پاراستنی بکەن و تەنیا بە پاکڕاگرتنی نەوەستن، بەڵکو دارستان و ئاژەڵەکانیش بپارێزن.

لە کۆتاییدا، مەسرور بارزانی ڕوونیکردەوە، کە ئەم پڕۆژەیە دەبێتە سەنتەرێکی باوەڕپێکراو بۆ پاراستنی درێژخایەنی ژیانی کێوی لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لەم سەردەمی گۆڕانی کەشوهەوایەدا.

داواشی لە هاووڵاتییان کرد بە زانیاری و وێنە هاوکاریی پڕۆژەکە بکەن، کە داتاکانی لە ڕێگەی ماڵپەڕی (biodiversity.krd) و نەخشەیەکی زیرەکەوە دەخرێنەڕوو بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەیەکی زانستی بۆ توێژەران و دامەزراوە ئەکادیمییەکان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP