هەرێم نیوز
بەپێی زانیاریی سەرچاوە فەرمییەکان لە وەزارەتی دارایی عێراق، زۆربەی فەرمانبەرانی عێراق لەم هەفتەیەدا مووچە وەردەگرن، هاوکات پلانی بەغدا بەو جۆرەیە کە تاوەکو پێنجشەممەی داهاتوو، ڕێکەوتی ٥ـی تشرینی دووەم، تەواوی پارەی شایستەی مووچەی مانگی ١٠ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 26ـی 10ـی 2026، بەرپرسێکی باڵای کورد لە بەغدا کە ئاگاداری ڕەوتی دانوستان و دۆسیەی مووچەیە ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت لەگەڵ دەستپێکی مانگی ١١ـەوە ڕێکارە ئیداری و دارایییەکانی خەرجکردن و ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەستپێبکەن.
ئەم پێشهاتە هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی پرۆسەی وردبینی لە لیستەکانی مووچەدا کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن تیمە هاوبەشەکانەوە لە بەغدا کاری لەسەر دەکرا؛ لەو بارەیەوە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد کە ئەمڕۆ پرۆسەی وردبینیکردن لە لیستەکان بە فەرمی کۆتایی هاتووە و لە ئێستادا هیچ کۆسپێکی تەکنیکی نەماوە و تەنها ڕێکارەکانی ناردنی بڕە پارەکە لە بەغداوە بۆ هەرێم ماوەتەوە.