دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

لە ماوەی 17 ڕۆژدا زیاتر لە هەشت هەزار داواکاری بۆ تۆمارکردنی چەک لە عێراق پێشکەش کراون

هەرێم نیوز
⠀
سەعد مەعن، سەرۆکی دەستەی پەیوەندییە گشتییەکان و پەیوەندیی حکومی لە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەی ١٧ ڕۆژدا زیاتر لە هەشت هەزار داواکاری بۆ تۆمارکردنی چەکی هاووڵاتییان پێشکەش کراون و زۆرترینیشیان لە بەغداد بووە.
⠀

ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی 11ـی 2026، سەعد مەعن لە ڕاگەیەندراوێکدا دووپاتی کردەوە، ڕێکارەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ ڕێکخستنی هەڵگرتنی چەک و تۆمارکردنی داواکاریی هاووڵاتییان بەپێی ڕێنماییە پەسەندکراوەکان بەردەوامن بە مەبەستی بەهێزکردنی دەسەڵاتی یاسا و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری.
⠀
سەعد مەعن ڕوونیکردووەتەوە، کۆی گشتیی داواکارییەکانی تۆمارکردنی چەکی هاووڵاتییان لە ماوەی نێوان ٣ تا ٢٠ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ گەیشتووەتە ٨ هەزار و ٧٤٢ داواکاری کە بەسەر فەرماندەییەکانی پۆلیسدا لە بەغداد و پارێزگاکانی دیکە دابەش بوون.
⠀
بەپێی ئامارەکە، زۆرترین داواکاری لە فەرماندەیی پۆلیسی ڕەسافەی بەغداد بووە بە دوو هەزار و ٢٧ داواکاری و دوای ئەویش پۆلیسی کەرخی بەغداد بە هەزار و ١٧٧ داواکاری و پۆلیسی دیالە بە ٨٠١ داواکاری و پۆلیسی بەسرە بە ٦٣٨ داواکاری و پۆلیسی زیقار بە ٦١٠ داواکاری دێن.
⠀
ئاماژەی بەوەش کردووە، بەشەکەی دیکەی داواکارییەکان بەسەر پارێزگاکانی بابل و سەڵاحەددین و میسان و واست و دیوانییە و ئەنبار و کەرکووک و نەجەف و موسەننا و کەربەلا و نەینەوادا دابەش بوون کە ئەمەش نیشانەی بەردەوامیی بەدەمەوەهاتنی هاووڵاتییانە.
⠀
لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە ڕێکخستنی هەڵگرتنی چەک هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی شکۆی دەوڵەت و چەسپاندنی بنەمای هێشتنەوەی چەک تەنیا لە دەستی دامەزراوە فەرمییەکاندا بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و کۆمەڵگە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP