هەرێم نیوز
یەرەکە، باڵی سهربازیی پژاك رایگەیاند، سوپای ئێران بە درۆن و تۆپ ناوچەی سەرچوری مەریوانی بۆردومان کردو لە ناوچەی سەردەشتیش خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی سەربازی ئامادە دەکات. دهشڵێت، بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک، هێزەکانمان لە ئامادەباشیدان.
ئاوێنه: ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە)، باڵی سهربازیی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان(پژاك)، له راگهیهندراوێكدا وتی، درۆنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەیانی ئەمڕۆ یهكشهممه جارێکی دیکە بە بەکارهێنانی دو درۆنی جۆری شاهد، درۆنێکی خۆکوژی بچوک و هەروەها تۆپخانهكانی، ناوچەی سەرچوری مەریوانی کردوەتە ئامانج.
یەرەکە ئاماژەی بەوەش کردوه، هێرشەکان لە بنکەی سەربازیی گوندی “دەرێ” و بنکەکانی دەوروبەرییەوە ئەنجام دراون، بەوهۆیەوە ژینگە، جوگرافیا، سەرچاوە سروشتییەکان و ئاژەڵانی کێویی ناوچەکە زیانێکی سەختیان بەرکەوتوە و کەوتونەتە دۆخێکی نالەبارەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی و دارایی بەر هێزەکانیان نەکەوتوە.
له راگهیهندراوهكهدا هاتوه، بەپێی زانیارییەکانیان، سوپای ئێران لە ناوچەی سەردەشت خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی سەربازی ئامادەدەکات و لەو چوارچێوەیەشدا ڕێگری لە هاتوچۆی هاوڵاتییانی ناوچەکە دەکات و ترس و دڵەڕاوکێی بڵاوکردوەتەوە.
جهختیشی كردۆتهوه "هەر هێرشێک لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە بکرێتە سەرمان، لە چوارچێوەی “بەرگریی ڕەوا”دا وەڵام دەدرێتەوە و هێزەکانمان بۆ هەمو ئەگەر و بارودۆخێک لە ئامادەباشیدان."