هەرێم نیوز
⠀
کەناڵی ئەلعەرەبییە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەنیازە گۆڕانکاری لە پێکهاتەی فەرماندەیی ئەمنیدا بکات بۆ زیادکردنی ئاستی هەماهەنگی لە نێوان دەزگا ئەمنییەکاندا.
⠀
ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی 11ـی 2026، بەپێی ڕاپۆرتەکەی ئەلعەرەبییە، ئەو گۆڕانکارییانەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەنیازە ئەنجامیان بدات، ژمارەیەک لە بەرپرسان و فەرماندەکانی وەزارەتی ناوخۆ و دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق دەگرێتەوە.
⠀
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە عەلی زەیدی لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا کۆتایی بە ئەرکی حەمید شەتری وەک سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق هێنا و خۆی بە شێوەی کاتی بەرپرسیارێتیی بەڕێوەبردنی دەزگاکەی تاوەکو دیاریکردنی سەرۆکێکی نوێ گرتە ئەستۆ.
⠀
حەمید شەتری لە ١٩ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ـەوە و بە فەرمانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، سەرۆکایەتیی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراقی دەکرد.