دواین هەواڵ

عێراق‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرۆکوەزیرانی عێراق داوا لە واشنتۆن و تاران دەکات پەنا بۆ ئاشتی بەرن

هەرێم نیوز
⠀
سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، بەغدا پابەندە بە چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و نەهێشتنی چەک لە دەرەوەی دامەزراوە سەربازییە فەرمییەکان، هاوکات داوای لە ئێران و ئەمەریکا کرد بە رێگەی ئاشتییانە ناکۆکییەکانیان یەکلایی بکەنەوە.

⠀
ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی 11ـی 2026، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارێکدا لە بارەگای کۆمکاری عەرەبی لە قاهیرە ڕایگەیاند، وڵاتەکەی دەستبەرداری سیاسەتی هاوسەنگی و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییە دوولایەنەکان نابێت.
⠀
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، پەیامی بەغدا هاوئاهەنگییە لەگەڵ هەوڵە عەرەبییەکاندا و لەم قۆناغەدا پشتیان بە کۆمەڵێک بنەما بەستووە وەک نەخشەڕێگەیەک بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان.
⠀
عەلی زەیدی وتی، پابەندن بە چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و جێبەجێکردنی یاسا و ئەوەی هیچ چەکێک لە دەرەوەی دامەزراوە سەربازییە فەرمییەکان نەبێت، لە تەنیشت پەرەپێدانی توانای هێزە ئەمنییەکاندا.
⠀
سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوەش کرد، دەستیان بە پڕۆسەیەکی گشتگیری چاکسازی لە پێکهاتە کارگێڕی، دارایی و حکوومییەکاندا کردووە و ڕووبەڕووی گەندەڵی دەبنەوە بۆ گەڕاندنەوەی سامانی گشتی.
⠀
لە تەوەری ئابووریدا، عەلی زەیدی وتی، عێراق کار بۆ زیادکردنی دەرفەتی کار، هاندانی وەبەرهێنان و هەمەچەشنکردنی ئابووری دەکات و تێڕوانینێکی گشتگیری بۆ پشتگیریکردنی پێکەوەبەستنی ئابووریی عەرەبی لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتدا هەیە.
⠀
سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای پێداچوونەوەی بە میکانیزمی کاری دامەزراوە عەرەبییەکاندا کرد بە جۆرێک بگونجێن لەگەڵ گۆڕانکارییە گەورەکانی ناوچەکە و جیهاندا.
⠀
سەبارەت بە گرژییە هەرێمییەکان، عەلی زەیدی وتی، داوا لە ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکەن پەنا بۆ ڕێگەی ئاشتییانە بەرن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوانیان.
⠀
ناوبراو ڕوونیشیکردەوە، بەغدا پشتیوانی لە سەرجەم هەوڵە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دەکات کە ئامانجیان هێورکردنەوە و کۆتاییهێنان بە ململانێکانە.
⠀
سەرۆکوەزیرانی عێراق تیشکی خستە سەر دۆخی مرۆیی بەهۆی شەڕەکانی غەززە و لوبنانەوە و وتی، هەڵوێستی وڵاتەکەی نەگۆڕە لە پشتیوانیکردنی مافی گەلی فەلەستین بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان بە پایتەختیی قودس.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP