دواین هەواڵ

کورد و پرسی ئارشیو و هەڵگرتن

‌فەرەیدوون پەروازە

11 کاتژمێر پێش ئێستا

گەلی کورد بە هۆی بێ دەسەڵاتی و بێ دامودەزگای خۆماڵییەوە هەموو ئاسەوارەکانی پێوەندیدار بە چالاکی و ژیانی رۆژانە و شوناس و چییەتییەوە یا فەوتێندراون یا لە مۆزەخانەی وڵاتانی داگیرکەردا پارێزراون. لەو سەد ساڵەی دواییەدا کە دەزگا و رێخراوەکان، بەرێوەبەرێتی جیهانی مۆدێرن دەکەن پرسی ئارشیڤ و پاراستنی شوێنەوارە مادی و مەعنەوەییەکان مۆدێرن و بەرۆژ بۆتەوە و تەنانەت گەیشتووە بە ئاستێک کە هەم دیجیتاڵی بۆتەوە و هەم بووە بە سەرچاوەی داهات و گەشەسەندن. 
ئارشیڤ کردن بریتییە لە هەڵگرتن و پاراستنی بەڵگەکان، نامەکان، وێنەکان و،،، لە لایەن رێخراو، دەزگایەکی ئیداری یا تەنانەت تاکەکەسێکەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو. هەموو رێخستنێک لە رەوتی کاروچالاکی خۆیدا کۆمەڵێک یا هەموو چالاکییەکانی بەڵگەمەند و بەنووسراوە دەکات کە بە هۆی زۆربوونی بەڵگەکان و ناپێویست بوونیانەوە ناچارن کە لە لایەن یەکەیەکی تایبەت لەو بەرێوەبەرییەدا هەموویان ئارشیڤ بکرێن. ئارشیڤ بریتییە لە زانیاریگەلێکی بە بەڵگەمەند و ریزبەندکراو بۆ کەڵکوەرگرتن لە کات و ساتی پێویست لە داهاتوودا.لەو چاخ و سەردەمەی ئێمەدا کە خوێندەواری گشتی بۆتەوە و هەروەها زانیارییەکان ورد و چڕوپڕ بوونەتەوە بە راستی پرسی ئارشیڤ بۆ رێخستنەکان بووە بە بابەتێکی حەیاتی و هەرە پێویست. بە گشتی باسکردن لە سەر ئارشیڤ هەم بابەتێکی گرنگ و هەستیارە و هەم پێویستی بە زانستی ئاکادیمی و بەرۆژە.
بۆ گەلی کورد کە هێشتا وەکوو نەتەوەکانی دیکە نەبۆتە خاوەن کیان و دەسەڵاتی سیاسی، بابەتی ئارشیڤ، ئارشیڤخانە، مۆزەخانە و،،، بابەتێکی نامۆ و گەشەنەکردووە و لەو پێوەندییەدا ئارشیڤی کوردی و خۆماڵی لاواز و گەشە نەکردووە. لە راستییدا لە پرۆسەی نەتەوەسازی و دەوڵەتسازییدا بە تایبەت لەو سەردەمەی ئێمەدا بەڵگە و دەق و تێکستی باوڕپێکراو دەوری سەرەکی دەگێرێ. لەو قۆناخ و جیهانەی ئیلکترۆنیکییەدا بە راستی بەڵگەمەندکردن و هەڵگرتنی هەر دەق و بەڵگە و وێنەیەک بە بەرەکەتی مۆبایل و کۆمپێتر هەم ئاسان بۆتەوە و هەم هەموو کەسێک دەتوانێ زۆرێک دەق و بەڵگە بەرهەم بهێنێ و بۆ نەوەکانی داهاتووی بپارێزێ . سەردەمی ئێمە سەردەمی تێپەرین و گوازتنەوەی قۆناخی رابردوو و نەریتییە بۆ قۆناخی نوێخوازی و مۆدێرنێتی. کەسێک کە تەمەنی ژوور لە هەشتا ساڵە بە راستی کەسێکە کە لینک و پەیوەستە بە مێژووە هەر بۆیە بە مەرگی کەسانی بە تەمەن بەرەبەرە ئێمە حەڵقەکانی پێوەندییمان بە دنیای کەونارا، ژیان و کلتوور و ئەدەبی رابردووە دەپچرێ هەر بۆیە بەو مۆبایلەی کە لە دەستمانە دەتوانین زۆرێک لە رووداوەکان، شێوازی ژیان، گۆرانی و سەماکان بە شێوەی زارەکی و بە گرتە ویدۆوە بەڵگەمەند بکەین و بێ ئەرک و زەحمەت بۆ نەوەی داهاتوو ئارشیڤ بکەین. وێنەگرتن لە کەرەسە و ئامێرەخۆماڵییەکان،خانۆ و باڵاخانە خشتی و بەردییەکان، خواردەمەنییەکان، جلوبەرگەکان، پەلەوەر و ئاژەڵە خۆماڵییەکان و،،، کە لە بەردەمی  فەوتان و گۆڕان دایە دەتوانێ یارمەتییدەرێک بێت بۆ لێکۆڵەرانی داهاتوو.
کۆتا باس ئەوەیە کە هەر کەس لە هەر لایەک وێنەیەکی کۆن، پەرتووکێکی دەسنووس، رۆژنامەیەکی کۆن، رەگەزنامە، شریتکی گۆرانی یا هەر باسێکی دیکەی پێ شک دێت بە پەلە هەوڵبدات بۆ دیجیتاڵی و ئارشیڤ کردنی لە مەترسی فەوتان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP