دواین هەواڵ

سەرۆکی هەرێم چیی بە چوارچێوەی هەماهەنگی گوت؟

‌محەمەد فایەق

21 کاتژمێر پێش ئێستا

• لە دەیەی ڕابردووەوە، بەشی زۆری هەواڵە سیاسییەکانی عێراق باسکردنە لە کێشەکانی نێوان هەرێم و حوکوومەتی فیدراڵ. کێشەکان فرە ڕەهەند و ئاڵۆزن، بەڵام ئەگەر بڕێک سەرنج بدەین، دەتوانین لە سێ بازنەی پرسی ماددەی ١٤٠ و بودجە و پرسی سەربازیدا کۆیان بکەینەوە. بەغدا بەو چاوە سەیری هەرێم دەکات کە دەسەڵاتەکانی خۆی زیاتر لە قەبارەی هەرێمێک بەکارهێناوە و هەرێمیش، پێیوایە کە مافە دەستوورییەکانی خۆی وەک پێویست پێ نەدراوە. کەواتە بۆ هەردوو لا پرسەکە دەستوورە: لایەنێک وەک پێشێلکار و لایەنێک وەک فەرامۆشکاری دەستوور. هەر وەک سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە چەندین بۆنەدا جەختی لێ کردووەتەوە: "هەموو ئەم کێشانەی ئەمڕۆ لە کوردستان دەیانبینین لەگەڵ بەغدا لەسەر نەوت، بودجە و ماددەی ١٤٠و پێشمەرگە، سەرچاوەکەی یەک شتە، ئەویش ئەوەیە کە تا ئێستا دەستووری عێراق وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە.''، چونکە دەستوور دەتوانێت ئەو بەدگومانی و دوودڵییە بەرانبەر بە یەکتر نەهێڵێت.
• لە بەغدا کەڵکەڵەیەک هەیە بۆ مەرکەزیەت، ئەم بابەتەش لە پرسی بودجە و پرسی سەربازیدا دەردەکەوێت. بەغدا ئەو پرسانەی، لەبری بە فیدراڵی کردن، بە ناوەندی کردووە و لەجیاتی بودجە، مووچە بۆ هەرێم دەنێرێت، بەردەوامیش بە گومانەوە سەیری قەوارەی سەربازیی هەرێم دەکات. ئەمەش تەنیا بەوە چارەسەر دەبێت کە هەردوو لا بگەنە ڕێککەوتنێکی پابەندکەر و داڕشتنەوەی ڕوانگەی خۆیان بۆ حوکمڕانی، ئەم ڕێگەیەش تەنیا بە شەقامی دەستووردا دەگاتە مەبەست. چونکە ئەو مامەڵەی لەگەڵ هەرێمدا دەکرێت، وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان هۆشداریی لەبارەوە داوە و لە کۆبوونەوەکاندا بیری سیاسەتکارانی عێراقیی هێناوەتەوە: ئێوە هەڵسوکەوتی هەرێمێکی فیدراڵ لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناکەن و بە چاوی ناوەندەوە نەک لە گۆشەنیگای حوکوومەتێكی فیدراڵەوە، تەماشای ئێمە دەکەن... لەکاتێکدا دەستوور مافەکانی هەرێمی زۆر بە ڕوونی تێدا دەستنیشان کراوە، کە ئەگەر وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، ئەو پشێوی و لاوازی و لێکتێنەگەییشتنەی لە عێراق هەیە و کاریگەریشی لەسەر پێگەی هەبووە لە ناوچەکەدا، بوونیان نامێنێت. 
• خاڵێک هەیە کە هەزاران ساڵە عێراق بەدەستیەوە دەناڵێنێت، ئەویش نەبوونی کولتووری گفتوگۆ و دانوستاندنە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە زیاد لە بۆنەیەکدا دەستی خستووەتە سەر ئەم برینە مێژوویییە و پردی بۆ کاری هاوبەش و لێکگەییشتن و دیالۆگ بنیات ناوە، کە ئەمەش پێشمەرجی کرانەوەی دەرفەتە بۆ جێبەجێکردنی دەستوور وەک خۆی؛ ئاخر با نیەتەکەش هەبێت، بەڵام کە گفتوگۆ نەبوو، ناگەینە ئامانج. لە ئێستەدا حوکوومەتی نوێ دەرفەتێکی گەورەی لەبەردەستە بۆ چارەسەرکردنی ئەم ئاریشانە، ئەویش بە جێبەجێکردنی دەستوور و گۆڕینی هەندێک لە چەمک و ڕوئیا سیاسییەکان دەبێت؛ لەوانەش: لەبری ناردنی مووچە، بودجە بنێرێت؛ ئەنجوومەنی فیدراڵی کارا بکات بۆ کەوتەنەسەر ڕێچکەی ئەرک و مافی هەرێمەکان. لە هەموویشی گرنگتر و وەک ئەوەی هەمیشە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جەختی لێ دەکاتەوە؛ هێشتنەوەی دیالۆگ و کاری پێکەوەیی و دیدی هاوبەشییە وەک کۆڵەکەیەکی ڕاگری ئەویتربینی و یەکترخوێندنەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP