هەرێم نیوز
عارف روشدی، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی نوێدا زانیاری لەسەر دانوستانەکانی حیزبەکەی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند کە هۆشیار زێباری لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی کۆبووەتەوە، بەڵام تا ئێستا هەردوولا لەسەر پۆستی سەرکۆماری عێراق نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.
بەپێی وتەکانی روشدی، پارتی دوو مەرجی سەرەکی بۆ یەکێتی هەیە تاوەکو لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ بەغدا ڕێکبکەون، مەرجی یەکەم ئەوەیە کە یەکێتی بێتە پێشەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی 10ی حکومەتی هەرێمی کوردستان، و مەرجی دووەمیش ڕێککەوتنە لەسەر کەسایەتییەک کە بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بکات و تەنها پۆستێکی تەشریفاتی نەبێت.
ڕاوێژکارەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد کە پارتی هەریەکە لە فوئاد حوسێن و نەوزاد هادی وەک کاندیدی خۆی دەستنیشان کردووە، چونکە وادەی دەستووری بۆ خۆپاڵاوتن کۆتایی دەهات، جەختیشی کردەوە کە بارزانی پێی وایە ئەم پۆستە مافی خەڵکی کوردستانە و مەرج نییە تەنها بۆ پارتی یان یەکێتی بێت.
ئەم کێبڕکێیە لە کاتێکدایە کە 81 کەس خۆیان بۆ پۆستی سەرکۆمار کاندید کردووە و بەپێی دەستوور، دەبێت پەرلەمان لە ماوەی 30 ڕۆژدا دوای یەکەم کۆبوونەوەی، بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگەکان سەرکۆماری نوێ هەڵبژێرێت، کە بەشێکی گرنگی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە و دەتوانێت ڕێگری لە ستەمەکان بەرامبەر کوردستان بکات.