دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

ئیلهام ئەحمەد: دیمەشق شەڕی کۆمەڵکوژی لە دژی کورد ڕاگەیاندووە

هەرێم نیوز

ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هۆشداریی توند لەبارەی هێرشەکانی سەر شاری حەلەب دەدات و ڕایدەگەیەنێت، وەزارەتی بەرگریی سووریا بژاردەی شەڕی قڕکردنی لە دژی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە هەڵبژاردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، ئیلهام ئەحمەد لە پلاتفۆڕمی (X) بڵاویکردەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەو دوو گەڕەکە پڕن لە هاووڵاتیی مەدەنی و زۆربەی دانیشتووانەکەشی ئاوارەکانی عەفرینن، بەڵام وەزارەتی بەرگریی سووریا شەڕی کۆمەڵکوژی لە دژیان ڕاگەیاندووە.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری ئاماژەی بەوەش کرد، کورد پابەندی ڕێککەوتنی ١ی نیسان بووە، بەڵام لایەنی بەرانبەر نەک هەر پابەند نەبووە، بەڵکوو هەموو پێشنیارێکی گفتوگۆشی ڕەتکردووەتەوە و گەمارۆیەکی توندی خستووەتە سەر ناوچەکە.

ئیلهام ئەحمەد داوای لە بەرپرسانی حكوومەتی سووریا کرد بەرپرسیارێتیی مێژوویی خۆیان هەڵبگرن و ڕێگەی ئاقڵانە بۆ چارەسەری کێشەکان بگرنەبەر، گوتیشی: "ئەوەی سوورییەکان لە جەنگدا چێشتوویانە بەسە، داوا لە هەمووان دەکەین دەنگی حەق بەرز بکەنەوە و جەنگ ڕەت بکەنەوە."

ئەم لێدوانانەی ئیلهام ئەحمەد لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی حەلەب گەیشتوونەتە لووتکە. گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە کە بە "دڵی کوردی حەلەب" دەناسرێن، ئێستا لەبەردەم هەڕەشەی هێرشێکی زەمینیی فراواندان. مێژووی ئەم گەڕەکانە پڕە لە بەرگری، بەڵام ئەمجارە هێزەکانی حکوومەت بە فەرمی وەک "ئامانجی سەربازی" ناساندوویانن. شکستی گفتوگۆکان و ڕەتکردنەوەی نێوەندگیری لەلایەن دیمەشقەوە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە سووریا دەیەوێت بە زەبری هێز کۆتایی بە پێگەی سەربەخۆی کورد لە حەلەب بهێنێت، ئەمەش وەک ئیلهام ئەحمەد دەڵێت، مەترسیی کۆمەڵکوژیی مەدەنییەکانی لێدەکەوێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP