دواین هەواڵ

کوردستان‌

 24 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسرور بارزانی لەسەر دۆخی حەلەب هاتە دەنگ؛ هۆشداری لە پاکتاوی ڕەگەزی دەدات

هەرێم نیوز

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی ڕووداوەکانی حەلەب دەردەبڕێت و ڕایدەگەیەنێت، بەئامانجگرتنی کورد و پاکتاوی ڕەگەزی، دەسەڵاتی دیمەشق و ویژدانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی 1ی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە دا، ڕووداوەکانی حەلەب و بەئامانجگرتنی کورد لەپێناو گۆڕینی دیموگرافی، "دەسەڵاتی دیمەشق و ویژدانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەخاتە ژێر پرسیارەوە."

مەسرور بارزانی جەختی کردووەتەوە کە شەڕ و توندوتیژی چارەسەر نییە و "هیچ بیانوو و پاساوێک نابێت ڕێگە بە پاکتاوی ڕەگەزی بدات"، هەروەها نیگەرانیی قووڵی خۆی لە پەلاماردانی گەڕەکە کوردنشینەکان نیشان داوە.

لە کۆتایی پەیامەکەدا هیوای خواستووە هەموو لایەک دان بە خۆیاندا بگرن، ژیانی هاووڵاتییان بپارێزن و پەنا بۆ دیالۆگ ببەن، داواش دەکات سیستەمی حوکمڕانیی ئێستای سووریا لە ئاستی بەرپرسیارێتیی دەسەڵاتێکی دیموکرات و گشتگیردا بێت بۆ هەموو خەڵکی سووریا.

ئەمە لە کاتێکدایە بەهۆی هێرش و بۆردومانەکانەوە بۆ سەر ماڵەکان، تا ئێستا 8 هاووڵاتیی مەدەنی شەهید بوون و 57ی دیکەش بریندار بوون کە ژن و منداڵیان تێدایە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP