دواین هەواڵ

کوردستان‌

 20 کاتژمێر پێش ئێستا

مەزڵووم عەبدی: بەکارهێنانی زمانی شەڕ قبووڵکراو نییە و حەلەب ڕووبەڕووی گۆڕینی دیموگرافی بووەتەوە

هەرێم نیوز

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند کە پەنابردنە بەر زمانی شەڕ بۆ سەپاندنی چارەسەری تاکلایەنە بە هیچ جۆرێک قبووڵکراو نییە و ئەوەی لە حەلەب ڕوودەدات زەوینەسازییە بۆ "گۆڕینی دیموگرافیی مەترسیدار."

فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوە کرد کە بەردەوامبوون لەسەر ڕێگەی جەنگ شتێکی بێ ئەنجامە و وەبیرهێنایەوە کە ئەم شێوازە پێشتریش لە کەناراوەکانی سووریا و سوەیدا تەنیا بووەتە هۆی دروستبوونی کۆمەڵکوژی.

عەبدی بە توندی دیمەشقی تۆمەتبار کرد بەوەی کە لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دانوستان و گفتوگۆکاندا، تانک و تۆپخانەی لە گەڕەکەکانی حەلەب بڵاوکردووەتەوە و هێرشی کردووەتە سەر سڤیلە بێچەکەکان.

بە گوتەی فەرماندەی هەسەدە، بۆردوومانکردنی هاووڵاتییان و هەوڵدان بۆ هەڵکوتانە سەر گەڕەکە کوردییەکان لەم کاتە هەستیارەدا، هەموو دەرفەتەکانی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی سیاسی لەنێودەبات.

مەزڵووم عەبدی هۆشداریی دا کە گەمارۆدانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، مەترسیی کۆمەڵکوژی بۆ سەر دانیشتووانەکەی دروست کردووە و ئامانج لێی گۆڕینی پێکهاتەی دیموگرافیی ناوچەکەیە.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختی کردەوە کە هەسەدە لە تەنیشت خەڵکی خۆڕاگری ئەو دوو گەڕەکە دەوەستێت و چەند ڕۆژێکە لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پەیوەندیدان بۆ ئەوەی ڕێگری لە بەردەوامیی ئەم هێرشانە بگرن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP