هەرێم نیوز
بارزانی لە پەیامێکدا نیگەرانیی خۆی لە دۆخی حەلەب دەردەبڕێت و هۆشداری دەدات لە هەوڵی "پاکتاوی ڕەگەزی" دژی کورد، هاوکات داوا لە هەسەدە دەکات هەوڵی ڕاگرتنی شەڕ بدەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی 1ی 2026، بارزانی پەیامێکی لەبارەی دۆخی سووریا و حەلەب بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، گۆڕانکارییەکان دەرفەت بوون بۆ چارەسەری ئاشتییانە، بەڵام ئەو شەڕ و توندوتیژییەی ئێستا لە حەلەب هەیە جێگەی نیگەرانییەکی زۆرە و "هەڕەشەی پاکتاوی ڕەگەزی لە دژی کورد لەو ناوچەیەدا هەیە."
لە پەیامەکەدا بارزانی داوای لە دەسەڵاتدارانی سووریا کردووە ناکۆکیی سیاسی نەکەنە ناکۆکیی نەتەوەیی و ڕێگە نەدەن کورد تووشی گوشار و دەرکردن لە شوێنی خۆیان ببنەوە.
هاوکات داوای لە لایەنە کوردییەکان و بەتایبەت (هەسەدە) کردووە، ئەوەی لە توانایاندا بێت بیکەن لەپێناو ڕاگرتنی شەڕ و ڕێگەگرتن لە خوێنڕشتن و گرتنەبەری ڕێگەی دیالۆگ.
لە کۆتاییدا بارزانی هۆشداریی داوە کە خستنە مەترسیی ژیانی خەڵک و پاکتاوی ڕەگەزی "تاوانی دژی مرۆڤایەتییە و دەرئەنجامی مەترسیداری لێ دەکەوێتەوە."
دەقی راگەیەنراوی بارەگای بارزانی :
پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
گۆڕانكارییە سیاسیەكانی سووریا دەرفەتێكی باش بوو بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەكی گونجاو بۆ ئەوەی ڕەچاوی مافە ڕەواكانی گەلی كورد لە سووریا بكرێت و سەرجەم كێشەكانیش چارەسەر بكرێن. لەوپێناوەشدا لەگەڵ هەموو لایەنەکان هەوڵی زۆرمان دا كە پێویستە هەرچی گرفت و ناكۆكی هەیە لەڕێگەی دیالۆگ و بە شێوازی ئاشتیانە چارەسەر بكرێن.
بەڵام ئەو بارودۆخە مەترسیدار و ئەو شەڕ و توندوتیژیەی كە ئێستا لە شاری حەلەب هەیە جێگەی نیگەرانییەكی زۆرە و مەترسی لەسەر ژیانی خەڵكی سڤیل و هاووڵاتیانی بێتاوان دروست كردووە و هەڕەشەی پاكتاوی ڕەگەزی لەدژی كورد لەو ناوچەیەدا هەیە.
داوا لە دەستەڵاتدارانی سووریا دەكەم ناكۆكیی سیاسی نەكرێتە ناكۆكیی نەتەوەیی و لەو كێشە و گرفتانەی لە ناوچەی حەلەبدا هەن ڕێگە نەدرێ هاووڵاتیانی كورد تووشی گوشار و زەبروزەنگ و دەركردنیان لە شوێنی باب و باپیرانیان و پاكتاوی ڕەگەزی ببنەوە، هەروەها داواش لە لایەنە كوردییەكان و بە تایبەت (قسد) دەكەم ئەوەی لە توانایاندا بێت بیكەن لەپێناو ڕاگرتنی شەڕ و پێكدادان و ڕێگەگرتن لە خونڕێشتنی زیاتر و هەردوولا كار بۆ گرتنەبەری ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ بكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان. ناكرێ بوونی ناكۆكیی سیاسی ببێتە هۆی ئەوەی ژیانی خەڵكی سڤیل بخرێتە ژێر مەترسی و پاكتاوی ڕەگەزی لەدژی گەلی كورد ڕوو بدات و ئەوە تاوانی دژی مرۆڤایەتیە و دەرئەنجامی مەترسیداری لێدەكەوێتەوە.
مسعود بارزانی
7ی کانوونی دووەمی 2026