لەبەر دۆخی ناسەقامگیر و درێژخایەنەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە گەلانی ئەم ناوچەیە ماوەیەکی درێژە بەدەستییەوە دەناڵێنن، گەلی کورد بە دوور نابێت لە هەڕەشە و مەترسییەکان، بە گشتی ئەو مەترسییانەی جاران لەسەدەی بیستەم لەسەر بوونی(وجودی) گەلی کورد هەبوون، وەکو قڕ کردن و تواندنەوە لە لایەن ڕژێمەکانەوە ئەگەر کەمیش بوو بن بەڵام هەر ماون.
گەر بە خێرای هەڵسەنگاندنێکی گشتی بۆ بارودۆخی کورد لە هەموو پارچەکان بکەین دەتوانین بڵێین:
لە عێڕاق کورد لە قۆناغی ئۆپۆزیسیۆن و شەڕی چەکداری،لە کیمیاباران و جینۆساید کردن بە دەستی ڕژێمی بەعسەوە، بە پاڵپشتی ئەمریکا و ڕۆژئاوا
گەیشتووەتە قۆناغی هاوبەشی لەدەسەڵات لە عێڕاقی فیدڕال، هەروەها حوکمڕانی خۆی و پەیوەندیی دیپلۆماسی فراوانی هەیە.
سەرەڕایی چەندین کێشەی کە هەرێم لەگەل حکومەتی فیدڕال هەیەتی، کێشەی سەرەکی ناوخۆیی ناتەبایی، بارودۆخی ئابوری و لاواز کردنی دامەزراوە فەرمییەکان و نەبوونی حوکمڕانی ڕەشیدە.
لە تورکیا سیاسەتی ئینکار کردنی کورد بۆ سیاسەتی دان پێنان و چارەسەری ئاشتیانە و بەشداری لە دەسەڵات گۆڕاوە. کورد لە ئێراندا گەرچی کێشەی سیاسی هەیە، بەڵام هەمیشە وەکو نەتەوە دانپێنراو و ڕێز لێگیراو بووە و پێکهێنەری سەرەکی گەلانی ئێرانە. لە سوریا پرسی کورد پێشڤە چوونی بە خۆیەوە بینیووە و قەوارەیەکی سیاسی و ئیداری دیفاکتۆی هەیە، بەڵام ئەم قەوارەیە لەبەر دۆخی سیاسی سوریا و نەبوونی دەستورێکی مەدەنی،کە مافی کورد و سنوری ئیدارەی کوردی تێیدا دیارکراو و پارێزراو بێت لە دۆخێکی ناجێگیر دایە. هەروەها بە نەبوونی حکومەتێکی هەڵبژێردراوی سەقامگیر لە سوریا، کە باوەڕی تەواوی بە مافی کورد و هەموو پێکهاتەکان هەبێت و بیان پارێزێت هەڕەشە و مەترسییەکان لەسەر کەمینە نەتەوەیی و ئاینی و ئایینزاکان زیاد بوون، ڕووداوەکانی حەلەب (ئەشرەفیە و شێخ مەقسود) لە ئێستادا نیشانەی ئەو واقعە تاڵەی کوردە لە سوریا.
لە ڕووی خوێندن و زانست و ئابورییەوەش تاکی کورد بە گشتی لە هەموو پارچەکان و لە هەندەرانیش پێشڤەچوونی باشی بە خۆیەوە بینیووە.
لەم سەردەمەدا ئەوەی گرنگە بۆ نەتەوەکەمان، بە تایبەت بۆ نوخبەی سیاسی و ڕۆشەنبیر ئەوەیە،کە خوێندنەوەی دروست و وردیان بۆ ڕووداوە سیاسییەکان، سیاسەتی نێودەوڵەتی و ناوچەیی ، باڵانسی هێز و نەزمی نێودەوڵەتی نوێ و پێگەی کورد هەبێت. بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان، نابێت سەرکێشی (مجازفە) بە دەستکەوتەکانی نەتەوەکەمان بکەین، هەڵسوکەوتی سیاسیمان گرنگە بە جۆرێک بێت کە بە خۆمان نەبین بە سەرچاوەی مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان.
بە بەهێز کردنی دامەزراوە نیشتمانییەکانمان لە هەرێم و گەڕانەوە بۆ ئەو بنەمایەی کە زانایی بەناو بانگی ئەمریکی جۆن میرشایمەر (John mearsheimer) بە عەقلانییەتی ستراتیژی ناوی دەبات، کە بریتییە لە بوونی گفتوگۆی بەهێز و دوور لە بەربەست و ڕێگری لە نێوان داڕێژەرانی سیاسەتی وڵات لە ژورێکدا بۆ گەیشتن بە باشترین بژاردە و بڕیاردانی کۆتایی دەبێت لە لایەن بڕیاردەری باڵای وڵات بدرێت . بەم شێوەیە دەتوانین هەڕەشەکان لە وڵاتەکەمان و هاووڵاتیان دوور بخەینەوە و لەدەرفەتەکانی کە دێنە پێشەوە لە کاتی خۆیاندا سودیان لێ وەربگرین و بەرژەورندییە نیشتمانییەکانمان بپارێزین.
بە سود وەرگرتن لە هەموو شێوازەکانی دیپلۆماسییەت و بە بەکار هێنانی زمانی دیپلۆماسی نەرم دەتوانین ڕێگری بکەین لەوەی کە هەرێم وەکو هەڕەشەیەکی ئەمنی بۆ عێڕاق و وڵاتانی دەوروبەر نەبیندرێت .زۆر سەرسامم بە دیپلۆماتکاران و کەسایەتییە ئاکادیمییەکانی ئێرانی، سەرەڕای دوژمنایەتی قوڵ و درێژخایەنی نێوان ئەمریکا و ئێران ، زۆربەیان کە ناوی سەرۆکی ئەمریکا دەهێنن بە سەرۆک ترامپ یان آقای ترامپ ناوی دەبەن.
بەداخەوە ئێمەی کورد تەنانەت کە ناوی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی هەرێمیش کە کوردن و لەخۆمانن دەهێنین کەمجار بە سەرۆک ناویان دەبەین، کە ئەمەش لاوازی فەرهەنگی سیاسی و ڕێز نەگرتن لە حوکمڕانی خۆمان و یەکتری پێشان دەدات، ئێمە بە خۆمان تاکو ڕێز لە خۆمان نەگرین خەلکیتر ناچار نیە ڕێزمان بگرێت.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە داخەوە شوێنێکە وەکو دەڵێن گەر لێت نەترسن دەبێت لە کۆتاییدا لێیان بترسێی،بەڵام من دەڵێم با بەهێز بین با ڕێزمان بگرن نەک لێمان بترسن، بەهێزی ئێمەش لە هەرێمی کوردستان لە یەکگرتن و بەهێزی ئابوری و دامەزراوە نیشتمانییەکانمان دایە. بەهێزی ئێمە لە بوونی تەنیا یەک هێزی سەربازی و ئەمنی نیشتمانی پڕۆفێشنال و ڕازی بونی هاووڵاتیان دایە.
بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی،هەرورها باشتر وایە دوور کەوتنەوە لە سەرکێشی(مجازفە)کردن ببێتە پرەنسیپێکی سەرەکی لە سیاسەت و حوکمڕانی کوردی ، ڕەنگە مجازفە کردن بۆ دەوڵەتێکی بەهێز هەندێجار زیانی زۆری نەبێت، تەنانەت لە هەندێ حالەتییش سودی هەبێت ، بەڵام بۆ نەتەوەیەکی کە تەواو سەربەخۆ نیە و لەناوخۆدا پەرتەوازە و بەدەست زۆر قەیران دەناڵێنێت، سەرکێشی زۆر مەترسیدارە.
ماوەیەکی زۆر نیە خەلکی هەرێمی کوردستان تا ڕادەیەک تام و چێژی ئازادی دەچێژێت ،خەریکی بونیادنانی خۆی و وڵاتەکەیەتی و کاری باش کراوە،پێویستە پێکەوە بە عەقڵ و بە دڵ و گیان و بە دوور کەوتنەوە لە سەرکێشی کردن ئەوەی کە هەمانە بیپارێزین و پەرەی پێ بدەین.
ئەزمونی تاکڕەوانەی باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماس لە سەرکێشی و مجازفە کردن لە حەوتی ئوکتۆبەر نمونە و وانەیەکی دیارە،کە بووە هۆکاری زیانگەیاندنی زۆری گیانی و مادی و وێرانی بۆ گەڵی مەزلومی فەڵەستین لە غەزە، کە ویژدانی مرۆڤ ئازار دەدات.
گەلی کورد بەگشتی و لایەنە سیاسییە کاریگەرەکان بە تایبەت
لەم قۆناغەدا دەتوانن لە سەر بنەمایی خۆگونجاندن و بە ڕەچاو کردنی جیاوازیی ئەو وڵاتانەی تێیدا دەژین،لە
چوارچێوەی بەرژەوەندی کورد و ئەو نەتەوانەی کە لەم وڵاتانەدا دەژین سیاسەتی خۆیان دابڕێژن .گرنگە سیاسەتی گشتی کورد لە ئاستی نەتەوە بۆ هەموو پارچەکان سیاسەتی ئاشتیخوازانە بێت، لەهەر بەشێکیش پەیڕەویی لە سیاسەتی تایبەت بەخۆیان بکەن بە پێی واقعی سیاسی ئەو وڵاتەی کە تێیدا دەژین.بەم شێوەیەش کورد لە ناو هەر یەک لەو چوار دەوڵەتەی کە تێیدا دەژیت (عێڕاق، تورکیا، ئێران و سوریا) دەتوانێت فاکتەرێکی بەهێز بۆ خێر ،ئاسایش و ئاشتی ،سەقامگیری و خۆشگوزەرانی خۆی و هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانیتر بێت.
خەباتی دیموکراسی و مەدەنی گەلی کورد لە هەر پارچەیەک دەتوانێت ببێتە هۆکارێکی سەرەکی گوشار خستنی ئەرێنی بۆ ئەوەی حوکمڕانەکان سنوری ڕەگەز پەرەستی و ئاینی و مەزهەبی تێپەڕ بکەن و حوکمڕانی گشتگیر ( شامل - inclusive )و بێ جیاوازیان هەبێت. لەو سات و کاتانەش کە بارودۆخی ناوچەکە و نێودەوڵەتی بۆ بەدەست هێنانی ماف و دەسەڵاتی سیاسی زیاتر بۆ کورد بە ڕێگای ئاشتییانە دەڕەخسێت،
نەتەوەکەمان ئامادەتر و یەکگرتووتر و بە ئەزمونتر دەبێت بۆ سود وەرگرتن لە دەرفەتەکان.
تایبەت بە هەرێمی کوردستان لێرەدا پێویستە ئاماژە بە ئەو ڕاستییە مێژووییەی کە لەسەر پێشکەوتنی وڵاتان ،نوسەر و میلیاردێر و وەبەرهێنەری ئەمریکی ڕێی دایلۆ Ray Dailo لە یەکێک لە پەرتوکەکانی بە ناوی Principles for Dealing with the Changing World Order لە بارەی کۆمەڵگا سەرکەوتووەکان باسی کردووە بکەین، دایلۆ دەڵێت.
“ڕاستییەکی مێژوویی و جیهانی هەیە و تا ئەو شوێنەی کە لە خوێندنەوەی مێژووی بەر لە کۆنفۆسیوس تاکو ئێستا بینیومە ئەوەیە، ئەو کۆمەڵگایانەی لە فراوانترین ئاستدا سود لە خەلکی جیاواز ژوەردەگرن و بەرپرسیارێتییەکان لەسەر بنەمای شایستەیی (merit) دیاری دەکەن، نەک لە سەر بنەمای ئیمتیاز، بەردەوامترین سەرکەوتنیان هەیە، لەبەر ئەوەی ئەو کۆمەڵگایانە:
• باشترین بەهرەمەندەکان(Best Talent) دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی کارەکانیان بە باشی ئەنجام بدەن.
• خاوەن دیدگایی جۆراوجۆرن.
•وەکو دادپەروەترین (کۆمەڵگا) سەیر دەکرێن ،کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێز کردنی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی”
گەلی کورد گەر بیەوێت لە هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بێت، پێویستە حوکمڕانییەکی گشتگیر (بەشداری فراوان) و شایستە سالار و یاسا سەروەری هەبێت.