دواین هەواڵ

مێژوو نامرێت.. تەنها چاوەڕێی ساتەوەختی تۆڵەکردنەوە دەکات

‌نەوشیروان سەعید

29/01/2026

لە نێوان لاپەڕەکانی کتێبی «گەڕانەوەی مێژوو»، سیاسەتمەداری بەناوبانگی ئەڵمانی "یۆشکا فیشەر" ڕاستییەک دەردەخات کە ئەو جیهانەی پێمانوابوو گەیشتووەتە "کۆتایی مێژوو"، هێشتا لە ناو جەرگەی ململانێ کۆن و نوێیەکانیدا دەژی.
.ئەم کتێبە تەنها شیکارییەکی سیاسی نییە بەڵکو هاوارێکی ئاگادارکردنەوەیە لە شەوی پشێوییە جیهانییەکاندا. وەک زەنگێکی مەترسییە بۆ هەر کەسێک کە وا بزانێت هێز، ناسنامە و سیاسەتی نێودەوڵەتی بوونەتە ناوچەیەکی ئارام.
فیشەر بە شێوازێکی ڕاستەوخۆ و توند باس لەوە دەکات چۆن سەرکەوتنی هێزە نوێیەکانی وەک چین، ڕووسیا و هیندستان هاوسەنگیی هێزی جیهانییان گۆڕیوە، لە کاتێکدا هەژموونی تاکلایەنەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەبەردەم ئاستەنگەکانی جیهانگیری و پشێوییە هەرێمییەکاندا پاشەکشە دەکات. 
سەبارەت بە ئەوروپا، فیشەر پێی وایە لە ژێر گوشارێکی بەردەوامدایە لە نێوان پاراستنی ناسنامە هاوبەشەکەی و ڕووبەڕووبوونەوەی ململانێ ناوخۆیی و دیمۆگرافییەکاندا.
نووسەر جەخت دەکاتەوە کە جوگرافیا، سەرچاوەکان و ئایین تەنها هۆکاری مێژوویی نین، بەڵکو ئامرازی ڕاستەقینەن بۆ دووبارە نووسینەوەی نەخشە سیاسییەکان لە سەدەی بیست ویەکدا. ئەو ململانێ کۆنانەی هەندێک کەس پێیانوابوو بە ڕووخانی دیواری بەرلین کۆتایییان هاتووە، هێشتا چارەنووسی نێودەوڵەتی دیاری دەکەن، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە تا ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و لە ئەوروپاوە تا ئەفریقا.
گەڕانەوەی مێژوو، تەنها خوێندنەوەیەکی شیکاری نییە، بەڵکو بانگەوازێکی بەپەلە و هاوارێکی بەرزە بۆ دەوڵەتان و بڕیاردەران کە مێژوو کۆچی نەکردووە، و سیاسەتی نێودەوڵەتیش بەڕێوە ناچێت مەگەر لەلایەن ئەوانەوە نەبێت کە لە یاساکانی کایە کۆن و نوێیەکە پێکەوە تێدەگەن.
فیشەر ئەو ڕاستییە تۆمار دەکاتەوە کە مێژوو نامرێت.. تەنها چاوەڕێی ساتەوەختی تۆڵەکردنەوە دەکات،  مێژوو کۆتایی نەهاتووە بەڵکو ئێمە لە خەوێکی قووڵدا بووین لە کاتێکدا دێوەزمە کۆنەکان خەریکی تیژکردنەوەی ددانەکانیان بوون؟
لە کتێبە داستان ئامێزەکەیدا «گەڕانەوەی مێژوو»، یۆشکا فیشەر پەردەی وەهمەکان دەدڕێنێت و ڕووبەڕووی ڕاستییەکی ڕووتمان دەکاتەوە، ئەو ململانێیانەی پێمانوابوو لە ژێر داروپەردووی دیواری بەرلیندا نێژراون، گەڕاونەتەوە و بە توندتر لە جاران لە دەرگاکانمان دەدەن. لە هەڵکشانی ئەژدیهای چینییەوە کە نەخشەی هەژموون دەکێشێتەوە، تا ڕووسیایەک کە ڕەتیدەکاتەوە لەبیر بکرێت،
بە بڕوای فیشەر ئێمە لە بەرەبەیانێکی نوێدا ناژین، بەڵکو لە ناو بەشێکی کۆنی مێژووداین کە بە خوێنێکی نوێ دەنووسرێتەوە.
جوگرافیا گەڕایەوەو قسەی هەیە، سەرچاوەکان بوونە شمشێر، و ناسنامە نەتەوەییەکان لە خەو ڕاپەڕین بۆ ئەوەی جیهانگیری پارچەپارچە بکەن

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP