نیگەرانی یەکەم:
ئەوەی لای من جێگای سەرنجە گەورەکردنی پەیوەندی ترەمپ و کوردە. بونی ئەم باسە بە تەوەرەی زۆربەی میدیاکان، وەک بەشێک لە گەمەکە دەبینم. کاتێک ئەمە دەکرێتە بابەتی میدیایی، بە ئامانجی ئەوەیە بکرێت بە کارت، ئایا ئەم کارتە بەرامبەر ئێران، یان بەرامبەر تورکیا، یان بەرامبەر ئەکتەرەکانی تری پەیوەست بە ئێرانەوە. لە دۆخێکی وەهادا دەبێت کورد پەلە نەکات لە بڕیاردان. شتێک هەیە پێی دەڵێن ناڕونی ستراتیژیی. کاتی ئەوەیە کە پرسی کورد لە ئێران و ڕۆژهەڵات بە دونیا بناسێنرێت نەک تەنها وەک ئامراز و مەترسی تەماشا بکرێت.
نیگەرانی دوەم:
دەبێت لە پڕ کشانەوەی ترەمپ و گۆڕینی خیتابی بە سەدوهەشتا پلە وەک ئەگەرێکی زۆر وارد مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. ئەوەی ئەم نیگەرانیە تۆخ دەکاتەوە نەبونی پشتیوانی لە ناو ئەمریکا بۆ جەنگەکە و کەمی کاتی ترەمپە، لە گەڵ هەستیاریی ترەمپ بە ڕای گشتی بە تایبەتی ڕای جەماوەرەکەی. ئێستا ترەمپ چێژ لەوە دەبینێت کە سەنتەری سەرنجی دونیایە، بەڵام هەرکە ئەم سەرنجە گۆرا بۆ نێگەتیف زوو لێی پاشەکشی دەکات. ئەوەی دەبێت بزانرێت ئەوەیە کە ترەمپ کەسێکی بێئەندازە خودئەڤینە.
نیگەرانی سێیەم،
ڕەهەندی دینی ئەم جەنگە. بە دینیکردنی ئەم جەنگە مایەی مەترسییە. ترەمپ چێژ دەبینێت لە کردنی بەکەسێکی پیرۆز و هاوتای مەسایا. بەڵام لای ئێران و ئیسرائیلیەکانیش ڕەهەندی دینی هەیە. هەرچەندە ئیسرائیلیەکان وەها هیواخوازن کە ئەم شەڕە ببێت بە کۆتایی ئیسلامی سیاسی، وەک چۆن شەڕی شەش ڕۆژە لکە ١٩٦٧ بوو بە هۆی کۆتایی قەومیەتی عەرەبی. دیارە لای ئێرانیەکان شەرکردنە لە گەڵ دوژمنێکدا کە چەندێک مەترسییە، هێندە پێویستە بۆ شۆڕشی ئیسلامی. خاتەمی بە ڕاشکاوانە ئەمە بە کەریم سەجادپور دەڵێت.