دواین هەواڵ

داخۆ لە ئەمریکا و ئێران، کامیان دەپاڕێتەوە و کامیان لە کەلی شەیتان دێتە خوارێ

‌شێركۆ كرمانج

2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەمریکا و ئێران هەردووکیان لەسەرتای دانوسانەکان ماکزیمالیستانە دێنە پێش، ماکزیمالیست، واتە داوای زۆر، لای خۆمان پێی دەڵێن سەقفی داواکانیان زۆر بەرزە. من پێموایە لە چەند ڕۆژی داهاتوو دەردەکەوێت کە کێ لە پێگەی خۆی دەمێنێتەوە و کێ لە کەلی شەیتان دێتە خوارێ. هەموو ئەو قسانەی کە دەکرێن لەوەی کە ئێران زۆر لاوازبووە و دەپاڕێتەوە بۆ گفتوگۆ، وەک ترەمپ دەڵێت. یان ئەوانەی شرۆڤەکارەکان دەڵێن کە ئەمریکا چاوەڕوانی ئەو خۆڕاگرییەی لە ئێرانییەکان نەدەکرد و پێناچێت توانا مووشەکییەکانی ئێران لەناوچووبن و ئێران بە داخستنی گەرووی هورمز و هێرشکردنە سەر وڵاتانی کەنداو لە گەمەکەی گۆڕی و لە پێگەیەکی بەهێزەوە دەچێتە گفتوگۆکان، بەگشتی خوێندنەوەن، چونکە بەڕاستی ئێمە کەسمان نازانین کە ئێران بەتەواوی چەند لاواز بووە، ژمارەکان هەندێک شت دەڵێن بەڵام ئەوە شتێکی دیکەیە. بۆیە لە چەند ڕۆژی داهاتوو دەردەکەوێت کە کێ لە پێگەی هێزەوە قسە دەکات و کێ دەپاڕێتەوە.

من پێموایە کە ترەمپ کێشەیەکی وای نییە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت چونکە بەخۆی وەک شەخس و ئەمریکا وەک دەوڵەت لەو پرسە زۆر زەرەرمەند نین، پێناچێت ترەمپ خەمی ئەوروپاشی بێت. خەڵکی هیند و چینیش ئەوە لەو پێگەیە نیین کە هەڕەشە لە حکومەتەکانیان بکەن و پرسێکی وا بکەن بە خەم و هەڕەشەیەکی وجودی.

ئێمەمانانیش ڕاهاتووین لەگەڵ شەڕ. بەڵام ئێران لە درێژبوونەوەی شەڕ دەترسێت چونکە دەترسێت کارتی ڕووخانی ڕژێم بێتە گۆڕێ. لە ژێرخانی وزە و نەوت و کارەباش بدرێت ئەگەری بێزاربوونی خەڵک دروست دەبێت. چونکە ئەوەی ئێرانییەکانی ڕاگرتووە بێجگە لە عەقیدە و خەمی پارچەنەبوونی ئێران دەستڕاگەیشتنە بە خزمەتگوزارییە ڕۆژانەکانیان. بەڵام ئێرانییەکان شەو کارەبایان نەبێت و نەتوانن بەنزین لە سەیارەکانیان بکەن و نەتوانن بەم سەرمایە خۆیان گەرم بکەنەوە لەوانەیە بیر لە بژاردەی دیکە بکەنەوە.
با چاوەڕێ بین

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP