دواین هەواڵ

کاریگەری داخستنی گەرووی هورمز لەسەر گرێبەستە نەوتییەکان...

‌پ.ی.د. فتحی شێروانی

2 کاتژمێر پێش ئێستا

دوابەدوای پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکە وهێڕشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران و بەرپەرچدانەوەی ئێران بە هێڕشی موشەکی و درۆنی و داخستنی گەرووی هورمز، کاریگەری لەسەر سەرچاوەی دابینکردنی وزەی جیهان دروست کرد، ئەم هەناوەی ئێران کاریگەری زۆری لە بوارە جۆراوجۆرەکان بەدوای خۆیدا هێنا کە یەکێکیان باروودۆخی یاسایی گرێبەستە نەوتەییەکان بوو کە لە ئەنجامی ئەم باروودۆخە ئاڵۆزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە هاتۆتە کایەوە و وایکردووە کە وڵاتانی خاوەن نەوت و گاز نەتوانن پابەندییە گرێبەستییەکان جێبەجێ بکەن، بۆیە ناچار بەدوای دەرچەیەک دەگەڕێن بۆ ئەوەی کاریگەرییە داراییەکانی کەم بکەنەوە، ئەمەش وای کرد کە سەرەتا وڵاتی قەتەر بڕیاری قوەی قاهرەی ڕابگەیەنێت و کۆمپانیای قەتەر ئینێرجی کڕیارە زیانلێکەوتووەکانی خۆی لە ڕاگەیاندنی باری قوەی قاهرە ئاگادار کردەوە، دواتر عێراقیش بە فەرمی بڕیاری باری قوە قاهرەی لە هەموو ئەو کێڵگە نەوتییانە ڕاگەیاند کە کۆمپانیا بیانییەکان تێیدا کار دەکەن.

لە باروودۆخی ئێستادا ڕاگەیاندنی ئەم بارە بەو مانایە دێت کە وڵاتانی خاوەن نەوت و غاز ئیتر بەرپرسیار نین لەوەی نەتوانن نەوت و غاز بۆ بازاڕەکانی جیهان دابین بکەن یان کار لە کێڵگەکاندا بکەن و بەم بڕیارە خۆیان لە هەموو سزایەکی دارایی و یاسایی و قەرەبووکردنەوەی کۆمپانیا بیانییەکان دەپارێزن، چونکە هۆکاری ڕاگرتنی کارەکانیان  باروودۆخێکە کە لە دەرەوەی دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی ئەواندایە، ئەم بارەش بەردەوام دەبێت تاکوو هۆکارە بنەڕەتییەکان چارەسەر دەکرێن، لەگەڵ پێداچوونەوەی وەرزی بە دۆخەکە.

بۆ زانیاری زیاتر دەستەواژەی (القوة القاهرة ) یان (Force Majeure) دەستەواژەیەکی یاساییە بۆ باروودۆخێک بەکاردێت کە لەدەرەوەی کۆنترۆڵی لایەنەکانی گرێبەستە (وەک شەڕ، کارەساتی سروشتی، یان تێکچوونی باروودۆخی ئەمنی) کە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی لایەنەکانی گرێبەست ئەستەم دەکات و ڕێگە بە ڕاگرتنی کاتی یان کۆتاییهێنان بە گرێبەستەکان دەدات، بەبێ ئەوەی بەرپرسیارێتی یاسایی لێبکەوێتەوە، ڕاگەیاندنی ئەم بارەش چەند مەرجێکی هەیە:
یەکەم: ڕووداوەکە بە تەواوی لەدەرەوەی کۆنترۆڵی لایەکانی گرێبەست بێت.
دووەم: ڕووداوەکە لەناکاو بێت و لە کاتی واژووکردنی گرێبەستەکە پێشبینیکراو نەبێت.
سێیەم: ڕووداوەکە ببێتە هۆی ئەوەی جێبەجێکردنی گرێبەستەکان ئەستەم بێت.

ڕاگەیاندنی ئەم بارە دەبێتە هۆی ئەوەی بەرپرسیارێتی یاسایی لەسەر لایەناکانی گرێبەست لابچێت و پابەندییەکان ڕابوەستن یان گرێبەستەکان کۆتاییان پێهێندرێت، ئەگەر ئەم بارە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بوو.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP