لە هەندێک وڵات، سەرکردە ڕووبەڕوو لەگەڵ خەڵکدا دەدوێت؛ لە هەندێکی تریشدا، خەڵک دەبێت گریمانەی ئەوە بکەن ئایا سەرکردەکەیان لە خەو هەڵساوە یان نا.
ئەمجارەیان گێڕانەوەکە لە خانمە پەیامنێری کەناڵیکی ناوداری ئەڵمانییەوە هاتووە، کە سەرنجی چیرۆکێکی تەنزئامێزی ئێرانییەکانی داوە: ئەوان باس لەو ئەگەرە دەکەن کە ڕەنگە فەرمانڕەواکەیان "ژیریی دەستکرد" بێت، یان لانی کەم شتێک بێت بە هەمان میکانیزم کار بکات، بەڵام کارا نەکراوە.
لە دوای کوشتنی عەلی خامنەیی و دەستبەکاربوونی موجتەبای کوڕی، وادیارە گەورەترین دەستکەوتی ڕێژیمەکەی ئەوە بێت کە سەرکردەکەی بە"نەبینراوی" دەمێنێتەوە.
نە وێنەیەک، نە وتارێک، نە دەرکەوتنێکی کتوپڕ، نە هەڵەیەکی پرۆتۆکۆلی یا زمانەوانی دزەپێکراو تا خەڵک دڵنیا ببنەوە کە ئەم پیاوە هەیە و وەک هەر مرۆڤێکی تر هەڵە دەکات.
تەنیا لێدوانە فەرمییەکان دەڵێن: "تەندروستیی باشە و خەریکی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیەتی". ئەمە دەستەواژەیەکی ئەوەندە لاستیکی و گشتگیرە کە بۆ هەموو بارودۆخەکان دەست دەدات، تەنانەت بۆ حاڵەتی نەبوونی رابەریش.
ئەو نوکتە و تانەیەی لەو ناوەدا دەسوڕێتەوە، دەڵێ: "سەرکردە نوێیەکە ژیریی دەستکردە، بەڵام وادیارە هێشتا بەگەڕ نەخراوە." ڕەنگە کێشەکە تەنیا لە بەگەڕخستندا نەبێت، بەڵکو لەوەدا بێت کە کەس "پاس ۆردەکەی"ی نازانێت. لە سیستەمە ئاسایییەکاندا، سەرکردە دەردەکەوێت تا خەڵک قایل بکات؛ بەڵام لێرەدا سەرکردە ونە و داوا لە خەڵک دەکرێت بۆ خۆیان، خۆیان قایل بکەن.
هەرچی زانیارییەکان لێڵتر بن، لێدوانەکان زۆرتر دەبن. هەرچی سەرکردە کەمتر ئامادەیی هەبێت، ئاستی دڵنیاکردنەوەی خەڵک بەرزتر دەکرێتەوە. هەر کاتێکیش زیاتر بگوترێت "بارودۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە"، ئەوا هەموو دەزانن کە کارگەل گەنن.
سیستەمەکە جاروبار لە ئامێرێکی کۆن دەچێت، ژاوەژاو دەکات، فەرمانەکان جێبەجێ دەکات، بەڵام کەس دڵنیا نییە کە ئایا بەڕاستی کار دەکات، یان تەنیا نایەوێت بکوژێتەوە.
ئایا موجتەبا ئامادەیە؟
ئایا ئەو شتانەی بە ناوی ئەوەوە بڵاو دەبنەوە، خۆی دەیانخوێنێتەوە؟
یان کەسێکی تر بۆی دەخوێنێتەوە؟
ئەمانە پرسیاری ڕەوان، بەڵام وا دیارە بێسوودن. چونکە بابەتەکە سادەترە، گرنگ نییە کێ فەرمانڕەوایی دەکات، گرنگ ئەوەیە وا پێشان بدرێت کە "کەسێک" هەیە و فەرمانڕەوایی دەکات.
لە کۆتاییدا، ڕەنگە ڕۆژێک دەربکەوێت بۆ ئەوەی بڵێت هەموو شتێک لە دەسپێکەوە ئاسایی بووە. بەڵام تا ئەو کاتە، ئەم نوکتەیە لە سادەیی خۆیدا، لە لێدوانە فەرمییەکان بڕواپێکراوتر دەمێنێتەوە: ڕەنگە کەس حوکمی ئێران نەکات، بەڵکو تەنیا "کۆپییەکی فەرمی" بێت کە لە کاتی پێویستدا بەگەڕ دەخرێت و هەندێ جاریش کارا نابێتەوە.
تێبینی: ئەم وتارە لە بنەڕەتدا بە عەرەبی نووسیومە و دواتر کردوومە بە کوردی