دواین هەواڵ

عێراق و هەرێم هاوکێشەکان زۆر ڕوون و دیارن

‌نەوزاد هێتوتی

3 کاتژمێر پێش ئێستا

عێراق و هەرێم هاوکێشەکان زۆر ڕوون و دیارن. لە هەرێم، پارتی نوێنەرایەتی حکوومەتی  دەکات، ئەمەش بە دڵی هێزە شیعەکان و ئێران نییە. بۆیە، بە هەر شێوەیەک بێت دەیانەوێت لە بەغدا ئەمە پێچەوانە بکەن و یەکێتی نوێنەرایەتی کورد بکات و ببێتە قسەکەر بە ناوی کورد.ئەمەش بووە هۆی ئەوەی هاوسەنگی هێز لە نێوان پارتی و یەکێتی ڕابگرن. 

ئەم هاوسەنگییە شتێکی نوێ نییە؛ لە کاتی شەری ناوخۆیی، ئێران و تورکیا ڕێککەوتن لەسەر دابەشکردنی هەرێم بۆ دوو زوون و ناوچەی نفووز. چونکە بەو شێوەیە دەتوانرێت کورد زیاتر کۆنترۆڵ بکرێت و ڕێگە لە بەهێزبوونی بگیرێت. لە هەڵبژاردنی پارێزگاکانی ٢٠٢٣، یەکێتی بە هاوکاری هێزە شیعەکان و حەلبووسی توانیان لە مووسڵ و کەرکووک پێگەی پارتی لاواز بکەن و بیانخەنە دەرەوەی پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی ناوخۆیی. هەروەها، لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریش پرسیان بە پارتی نەکرد.

بەم شێوەیەش، هەم لە ناوچە ناکۆکییەکان و هەم لە حکوومەتی ناوەندی، یەکێتی بووە هێزی ڕەقەم یەک بەناوی کورد. هەرچەندە لە ڕووی دەنگدان و کورسییەوە هاوکێشەکان بەو شێوەیە نین.
دیارە، پارتیش بەشی خۆی لە ڕووی سیاسییەوە کێشە و خاڵی لاوازی هەیە، بۆیە نەیانتوانیوە گەمەیەکی باش بکات. ئەوەی لە هەموویان زیاتر  جێگەی سەرنجە، ڕێککەوتنی یەکێتییە بۆ ڕادەستکردنی پۆستی پارێزگای کەرکووک بە کەسێکی سەر بە بەرەی تورکمانی بۆ ڕازی‌کردنی تورکیا.ئەمەش واتە دوای هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، یەکەم جارە تورکیا بتوانێت دووبارە لە ڕووی ئیدارییەوە دەسەڵاتدار بێت لە کەرکووک، و ئەمەش لە ئایندەدا کێشەی خۆی دەبێت بۆ کورد.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP