دواین هەواڵ

نامەیەک لە پادشای بەریتانیاوە بۆ بافل تاڵەبانی

‌ئاسۆ حاجی

2 کاتژمێر پێش ئێستا


چەند ڕۆژێک پێش ئێستا، شا چاڕلزی سێیەم، پادشای بەریتانیا، لە کۆنگرێسی ئەمریکادا، گوتارێکی ناوازە و پڕ لە وانە و پەندی بۆ بەریتانی و ئەمریکاییەکان و کۆمەڵگای مرۆڤایەتییش پێشکەش کرد. بۆ من وەک کوردێک، کە چانسی ئەوەم هەبووە و هەیە لەژێر سێبەری قەوارەی دەستووری و سیاسیی کوردستان (هەرێمی کوردستان) بژیێم، گوتارەکە جگە لە ناوەڕۆکە تژییەکەی و هەڵبژاردنی وشە و دەستەواژە پڕ لە واتا سەنگیینەکانی، کە بە ڕووێکی خۆش و گیانێکی قۆشمەچیانەی بەویقار و سەنگ پێشکەشی کرد.
کاتێک گوێم لەو گوتانەی دەبوو، باسی چۆنیەتیی وەلانانی ناکۆکی و مسۆگەرکردنی ئایندەیەکی باشتری دەکرد، یەکسەر بیرم چووە سەر کاک بافل تاڵەبانی، نازانم بۆ! ڕەنگە لەبەر ئەوە بووبێت، هاووڵاتینامەی بەریتانی هەیە و جارێک لە دیدارێکیدا باسی لە شانازیکردنی بە بەریتانیبوونی خۆی و شاژنی بەریتانیا دەکرد. لەوانەشە لەبەر ئەوە بووبێت، کاک بافل لە سیاسەتکردن زیاتر سەر بە تڕەمپیزمە، کە دۆستایەتیی دوژمنی باشترین دۆستەکانی دەکات لە پێناو هەندێک دەسکەوتی کەسی و بنەماڵەیی، وەک ئەوەی تڕەمپ لەگەڵ ڕووسیا و لە بەرامبەر ئەورووپییەکاندا دەیکات، نزیکە لەوەی کاک بافل لەگەڵ بەغدا و لە دژی کوردستان دەیکات. ئەمەش بووەتە هۆکاری دروستبوونی قەیرانێکی مەزنی سیاسی و لەدەستدانی متمانە بەیەکترییەوە. تەنانەت ئاڵۆزی و شەڕ و هێرشەکانی سەر کوردستان و خوێنی شەهیدان نەبوونە هۆکاری بەخۆداچوونەوە و گەڕانەوە بۆ هێلی کوردایەتی. بە پێچەوانەوە، کاک بافل لە بەغدا سەنگەری ناکۆکییەکان قایمتر دەکات و لە کوردستانیش لە ڕێگای گوتاری میدیا زڕ و زۆڵ، برینەکان باشتر دەکولێنێتەوە و بە خوێی ڕکوکینە بەسوێتر دەیانبرژێنێتەوە.
ئەو گوتارەی شا چاڕلز، بۆ هەمووان بەڵام زیاتر بۆ سیاسییەکانی وەک کاک بافل، پڕە لە وانە و پەندی ئەخلاقی و سیاسی مەزن، بۆیە داوای لێدەکەم، گوێ لەو گوتارە بگرێ. ئەزیش بۆ زیاتر هاندانی، هەوڵدەدەم سێ پەندی گرنگی ئەو گوتارەی لۆ هەڵێنجم و پێشکەشی بکەم.

پەندێکی گرنگ:”جیاوازی واتای دابڕان و دوورکەوتنەوە نییە”.

شا چاڕلز ئەوەی گوت، کە پەیوەندییەکانی بەریتانیا و ئەمریکا، هەمیشە باش و بێ کێشە نەبووینە، بەڵکو لە بنەڕەتدا بە ناکۆکی گەورە و مێژوویی دەستی پێکردووە، بەڵام دواتر بووە بەهێزترین پەیوەندی لە جیهاندا. ئاماژەی بەوەش کرد، کە خودی ئەمریکاییەکان، سێزدە کۆلۆنیالیان یەکخست، لە ڕێگای دروست کردنی هاوسەنگی، لە نێوان هێزە جیاوازەکان و گۆڕینی ئەو جیاوازییانە بۆ سەرچاوەی هێز. ئەوەش بەو واتایە دێت:”جیاوازی کۆتایی پەیوەندییەکان نیە، بەڵکو دەکرێ سەرەتایەک بێت بۆ بنیاتنانەوەیەکی پێگەیشتوو و لەبارتر، ئەگەر ویستێکی هاوبەش هەبێت”. 
لەو خاڵەدا، دەکرێ بە مێژووی ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی دابچینەوە، دواتریش بە مێژووی کۆک بوون و پێکەوە کارکردنیان، ئەوجا بەراوردێک بکەین، بزانین لە سەر ئاستی نەتەوەیی و نیشتیمانی کامە قۆناغیان سوودبەخشتر بووە!

پەندێکی گرنگتر:”ڕێزگرتن لە دامەزراوەکان لە باتی ململانێ کەسیەکان”.

لە نێوان وشە و دێڕەکاندا، کە شا چاڕلز جەختی لێ کردەوە و پتر لە جارێک ئاماژەی بۆ کرد و گەڕایەوە سەری، پاراستنی سەروەریی یاسا، سەربەخۆیی دادگا، هاوسەنگیی نێوان دەسەڵاتەکان و پابەندبوون بە پڕەنسیپەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بوون. لێرەدا دەتوانین گوتەکانی شا چاڕلز وەک پەیامێکی ڕاستەوخۆ بۆ سەرۆکی ئەمریکا، لێک بدەینەوە، کە ڕەخنەی لە هەڵوێستی سەرۆک وەزیران و حکومەتی بەریتانیا هەیە، بە تایبەتی لە شەڕی ئەمریکا و ئیسڕائیل لە دژی ئێران. بەڵام دەکرێ گوتەکانی پادشا لە چێوەی ئەو واتایە تژی لە پەندیش جێگای بکەیەنەوە، کە ئایندە تەنها بە سەرکەوتنی لایەنێک بەسەر ئەوەی دیکە دروست ناکرێت، بەڵکو دەکرێ لە ڕێگای ڕێزگرتن لە بەرژوەندی و بەها هاوبەشەکانیشەوە بنیات بنرێت.
بۆیە پێویستە دامەزراوە نیشتیمانیەکانی کوردستان، بپارێزرێن و بخرێنە دەرەوەی ململانێکان، نەوەک بکرێنە کەرستەی شەڕی کەسی و حیزبی و بە لە لاوازکردن و لەناوبردنیان هەوڵی یەکلاییکردنەوەی شەڕ و ناکۆکییە سیاسییەکان بدەین، وەک ئەوەی چەند ساڵێکە لە کوردستان دەگوزەرێ و هێزگەڵێک لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، بەو ڕێگایە دادەڕۆن و سیاسەت دەکەن، کە ئێستا ئێوە ڕابەرایەتی ئەو ئاراستەیە دەکەن.

پەندێکی لەوانەی تر گرنگتر:”ئایندەی هاوبەش بەهێزتر بێت لە ڕابردووی ناکۆک”.

شا چاڕلز قسەی لە بارەی ئەو ئاڵنگارییانەوە کرد، کە گەورەترن لەوەی وڵات و گەلێک بەتەنیا بتوانن شانی بدەنە بەر. مەبەستی لەو ئاڵنگارییانە بوو، کە لە بوارەکانی ئاسایش و ئابووری و تەکنەلۆجی، کەشوهەوا و جەنگ و ئاڵۆزییە نێودەوڵەتییەکان، بە هۆی شەڕی ئۆکڕاینا و ئێران بەرۆکی کۆمەڵگای مرۆڤایەتییان گرتووە. شا مەبەستیەتی دۆنالد تڕەمپ تێبگەیەنێت، کە سبەینێ لە دوێنێ گرنگترە، بۆیە خۆدەربازکردن لە گلەیی و هەوڵدان بۆ شکاندنی ئەوی دیکە، ڕێگای ژیرەکانە. پەیامی شا ڕوون و ئاشکرایە کە :”مرۆڤی زیرەک ناپرسێ، لە ڕابردوو کێ هەق بووە کێش ناهەق، بەڵکو دەپرسێ، چۆن وێکڕا لە ئایندە ماف و دەسکەوتی زیاترمان هەبێت”.
بۆیە وازهێنان لە گیانی تۆڵەکردنەوە، لە عینادیی سیاسی و کردنەوەی ئەو گرێکۆرە دەروونییەی وەک میراتێکی سیاسی بۆت بەجێ ماوە، ڕێگا ڕاستەکەیە بۆ بەهێزکردن و خزمەت کردنی کوردستان، ئەگەر ئەوە ئامانج و مەبەستە.

سەرتووی پەندەکان:”مەزنی لە نەهێشتنی جیاوازییەکان نییە، بەڵکو لە چۆنیەتی گۆڕینیانە بۆ هێزێکی هاوبەش”.

سوودوەرگرتن لەو پەندانەی کەسایەتییەکی زانا و دانای وەک شا چاڕلز، کە شای تۆیە و سوێندت خواردووە کە دڵسۆزی ئەو بیت. بە هەموو پێوەرەکان لە بەرژەوەندی ئێستای هەوڵەکانە، لە پێناو دەرباز بوون لەو چەقبەستنە سیاسییەی بۆتە کاریگەرترین چەک، کە ئێوە داوتانە دەستی دوژمنانمان و پێیان دەڵێی:”فەرموون قڕمان بکەن و بۆ سەد ساڵی دیکەش فڕێمان بدەنەوە دەرەوەی مێژوو”.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP