ساڵانە لهناوهڕاستی وەرزی بههاردا و کۆتایی ساڵی خوێندن، دیمەن و وێنهی ڕهنگاوڕهنگی ئاهەنگی دەرچوونی هەزاران کچ و کوڕی ئەم هەرێمە لە زانکۆ و پەیمانگاکان دەبینین. ئەمە لە ڕوواڵەتدا مایەی خۆشییە، بەڵام لە ڕاستیدا لە پشت ئەو جلوبهرگی ئاڵوواڵای كوردی و قات و ڕیبات و کڵاو و عەبا ڕەشانەوە، ترسێکی گەورە لە داهاتوویەکی تەمومژاوی نیشتووە. پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئایا بازاڕی کار لە هەرێمی کوردستان لە کوێی ئەم لێشاوە گەورەیەی دەرچوواندایە؟
لە ئاهەنگی دەرچوونەوە بۆ نادیاریی بازاڕ
ئێمە نەوەیەک بەڕێ دەکەین، کە لە ڕۆژی دەرچوونیدا وەک 'ئیمپراتۆر' خۆی دەردەخات، بەڵام ڕۆژی دواتر دەبێتە ژمارەیەکی تر لە لیستی بێکاراندا. کێشەکە تەنها لە گرانیی ئاهەنگەکەدا نییە، بەڵکو لەو 'نامۆبوونە'دایە کە دروستی دەکەین؛ کاتێک خوێندکارێک ناچار دەکەین بۆ لاساییکردنەوەی دەوروبەرەکەی قەرز بکات یان باری خێزانەکەی گران بکات بۆ وێنەیەک، لە کاتێکدا بازاڕی کار پێویستی بە 'کارامەیی' هەیە نەک 'ستەیجی ملیۆنی'. ئەمە ئەو ئاییندە نادیارەیە کە تێیدا بڕوانامە دەبێتە بارگرانی و بازاڕیش دەبێتە بنبەست، بۆیە سادەیی لە ئاهەنگدا تەنها پاراستنی گیرفان نییە، بەڵکو پاراستنی شکۆی ئەو مرۆڤەیە کە بڕیارە بەیانی ڕووبەڕووی واقیعێکی سەخت ببێتەوە."
ئەگەر گریمانە بکەین، ، ساڵانە 50 هەزار دەرچوومان هەبێت لهگشت زانكۆ و پهیمانگاحكومی و ناحكومییهكان، هەر یەکێکیان بە تێکڕا 500 دۆلار (کە زۆر لەوە زیاتر خەرج دەکرێت) بۆ ئاهەنگ و جلوبەرگ و وێنەگرتن خەرج بکەن، ئەوا ساڵانە نزیکەی 25 ملیۆن دۆلار لە ماوەی یەک مانگدا دەچێتە ناو سێکتەری "خزمەتگوزاریی کاتی" و جوانکاری، لەبری ئەوەی ئەو پارەیە ببێتە سەرمایەیەک بۆ پڕۆژەیەکی بچووک یان پەرەپێدانی کارامەییەکانیان. ئهوهیشی زیاتر جێگهی داخه، سهرجهم ئهو پێداویستی و كهلوپهلانهی بهكاردههێنرێن، هاوردهكراوون!
بێکاریی ئەکادیمی و قەیرانی پەیڕەو
کێشەی سەرەکی لێرەدا، تەنها نەبوونی هەلی کار نییە، بەڵکو نەبوونی هاوسەنگییە لە نێوان "پێویستیی بازاڕ" و "بەرهەمی زانکۆکان". ئێمە ساڵانە هەزاران دەرچوومان هەیە لە بەشە مرۆیی و تیۆرییەکاندا، وهك زانستهمرۆڤایهتییهكان. لە کاتێکدا کەرتی تایبەت و بازاڕ پێویستی بە پسپۆڕی تەکنیکی، پیشەیی و تەکنەلۆژیایە. ئەم "بێکارییە ئەکادیمییە" وایکردووە بڕوانامە تەنها ببێتە کاغەزێکی ڕازاوە و هیچ بەهایەکی کرداری لە بازاڕی کاردا نەبێت. بەپێی ئامارە نافەرمییەکان و ڕاپۆرتەكان، ڕێژەی بێکاری لەناو گەنجانی دەرچووی زانکۆدا لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 20% بۆ 25% تێپەڕاندووە (ئەمە لە کاتێکدایە بێکاریی گشتی کەمترە)، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە پەروەردە نەبووەتە هۆی دۆزینەوەی کار.
کەرتی گشتی وەک چەقی ئومێدەکان
هێشتا کۆمەڵگەی ئێمە بە دەست عەقڵییەتی "چاوەڕوانی لە حکومەت" دەناڵێنێت. بەهۆی قەیرانە داراییە یەکلەدوای یەکەکان و چەقەبەستوویی میلاکی گشتی، دەرگای دامەزراندن نزیکەی دە ساڵە داخراوە. ئەمەش وایکردووە پەستانی بێکاری بە تەواوی بکەوێتە سەر کەرتی تایبەت، کە ئەویش بەهۆی ناسەقامگیری سیاسی و ئابوورییەوە، نەیتوانیوە ببێتە جێگرەوەیەکی بەهێز بۆ هەڵمژینی ئەم هێزە کارە گەنجە.
لێکەوتە مەترسیدارەکان
ئەنجامی ئەم هاوکێشە لاسەنگە، دروستبوونی سوپایەک لە بێکارانە کە دوو بژاردەیان لەبەردەمدایە: یان "بێکاریی شاراوە" و کارکردن لە بوارێکی دوور لە پسپۆڕی خۆیان بە مووچەیەکی کەم، یان کۆچکردن و بەجێهێشتنی وڵات. ئەمەش گەورەترین زیانە بە سەرمایەی مرۆیی هەرێم دەگات؛ چونکە دەوڵەت و خێزان خەرجییەکی زۆریان لە پەروەردەکردنیاندا کردووە، بەڵام لە کاتی بەرهەمهێناندا وڵاتانی تر سوودیان لێ دەبینن.
بەرەو چارەسەر
بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە، پێویستە حکومەت و ناوەندە ئەکادیمییەکان هەنگاوی بوێرانە بنێن:
1. داڕشتنەوەی پلانی وەرگرتن: پێویستە وەرگرتن لە زانکۆکان بەپێی پێویستییەکانی بازاڕی کار بێت، نەک تەنها بۆ پڕکردنی کورسییەکان.
2. پاڵپشتی کەرتی تایبەت: کاراکردنی یاسای کار و بیمەی کۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی گەنجان متمانەیان بە کەرتی تایبەت هەبێت و وەک کەرتی حکومی لێی بڕوانن.
3. گرنگیدان بە پەیمانگا پیشەییەکان: گۆڕینی ئاراستەی خوێندن بەرەو بوارە تەکنیکییەکان کە بازاڕ تینوویەتی.
دەرچوونی ساڵانەی هەزاران خوێندکار، ئەگەر پلانی بۆ نەبێت، لەبری ئەوەی ببێتە بزوێنەری ئابووری، دەبێتە بارگرانییەکی گەورەی کۆمەڵایەتی و سیاسی. کاتی ئەوە هاتووە بڕوانامەکان لە چوارچێوەی دیوارەکان بهێنینە دەرێ و بیکەینە کلیلێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی بازاڕ و ژێرخانی ئابووری نیشتمان.